ئه‌حمه‌د هۆشیار: له‌ ئه‌مڕۆوه‌ گه‌شتی ڕاسته‌وخۆی فڕۆكه‌وانی نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن ده‌ست پێ ده‌كات

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ئه‌حمه‌د هۆشیار، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ئه‌حمه‌د هۆشیار، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر

گه‌شتی ڕاسته‌وخۆی فڕۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن ڕاگه‌یه‌نرا؛ هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌مه‌ودوا هیچ كه‌س ناتوانێت له‌ ڕێگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ به‌ ڤیزا و پاسپۆرتی ساخته‌وه‌ بچێته‌ به‌ریتانیا.

ڕۆژی هه‌ینی 14ـی حوزه‌یرانی 2024، ئه‌حمه‌د هۆشیار، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ستپێكردنی گه‌شتی ڕاسته‌وخۆی نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌نی ڕاگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه‌ بۆ پێشخستنی بواری فڕۆكه‌وانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئه‌نجامیشدا دواجار توانیویانه‌ له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی عێراقییه‌وه‌ گه‌شتی ڕاسته‌وخۆی نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

ئه‌حمه‌د هۆشیار باسی له‌وه‌ش كرد، داوایان له‌ به‌ریتانیا كردووه‌ بۆ ماوه‌ی داهاتوو هێڵێكی ئاسمانی به‌ریتانی بتوانێت گه‌شته‌كانی نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ده‌ست پێ بكات.

به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر هه‌روه‌ها گوتیشی، "له‌مه‌ودوا هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ ڤیزای ساخته‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بچێته‌ به‌ریتانیا، له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ ڕێككاری یاسایی به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر".

ناوبراو سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، سیسته‌می فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سیسته‌می به‌ریتانیا به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی پاسپۆرتی ساخته‌وه‌ بچێته‌ به‌ریتانیا، دوای 27 چركه‌ له‌ به‌ریتانیاوه‌ ئاگه‌دار ده‌كرێنه‌وه‌ ئه‌م پاسپۆرته‌ ساخته‌یه‌.