ئێران پاس بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران دابین دەکات

مەجید میر ئەحمەدی
مەجید میر ئەحمەدی

مەجید میر ئەحمەدی، سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی چلەی ئێران پێشبینی دەکات، ئەمساڵ 4.5 بۆ 5 ملیۆن زیارەتکار لە سنووری ئێرانەوە گەشتی عێراق بکەن، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکانی چلە، هاوکات گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت زیارەتکاران بە پاسی ئێرانی بگوازرێنەوە.

مەجید میر ئەحمەدی، گوتیشی: "دەروازەی سنووری خوسرەوی ڕێگەی سەرکی دەبێت بۆ پەڕینەوەی زیارەتکاران، ئاماژەی بەوەشکرد، جووڵەی زیارەتکاران لە سنووری خوسرەوییەوە بەردەوام دەبێت. هەروەها ڕێوشوێنی باش گیراوەتەبەر بۆ زیادکردنی وەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر سنوورەکە.

دەشڵێت: پرسێکی دیکەی زۆر گرنگ بریتییە لە دانانی سەیوان و پانکەی فێنکەرەوەی گەورە، کە پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو لە ناوچەی سنووری خوسرەوی پەرەی پێبدرێت، لەم ڕووەوە ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر، بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ پاراستنی زیارەتکاران لە پلەکانی گەرما.

ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی دەکرێت بۆ پێدانی مۆڵەت بە پاسە ئێرانییەکان بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی ناوخۆی عێراق.

ساڵی ڕابردوو زیارەتکارانی ئێران، تووشی قەیرانی نەبوونی پاس و ئۆتۆمبێل بوونەوە کە بیانگوازێتەوە، ئەمە جگە لەوەی زۆرێک لە پاس و ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی نەخەوتن تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبوون.

ڕۆژی پێنجشەممە، 06-06-2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ئەمساڵ بە باشترین شێوە پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن دەکەن. 

مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ـی مانگی سەفەر (مانگی سەفەر بەپێی رۆژژمێری هیجری لە دوای مانگی موحەرەمەوە دێت) لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. ساڵی ڕابردوو، لە ماوەی 40 رۆژی ماتەمینیی کوژرانی ئیمام حوسێندا، زیاتر لە 22 ملیۆن زیارەتکاری بیانی و نێوخۆیی سەردانی کەربەلایان کرد.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ پارێزگارانی ورمێ، سنە و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان کردووە کە لەگەڵ ئەو سێ پارێزگایە هاوسنوورن و "لەبارەی باشترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنوورییەکان، هاتوچۆی هاووڵاتییان و هاتنی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن گفتوگۆیان کرد".

گوتیشی: بە گوێرەی ڕێنماییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ "پێویستە ئەمساڵ بە شێوەیەکی باشتر پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت، ژمارەکە دیار نییە چەند کەس دێن و ئێمەش دەستنیشانی ناکەین. چەند کەس ئارەزووی ئەوەیان هەبێت بە خاکی هەرێمی کوردستاندا بچنە هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا، ئێمە لە خزمەتیاندا دەبین، هاوکاریی و ئاسانکارییان بۆ دەکەین".