نەبەز عەبدولحەمید: بەردەوام لە بازاڕەکان چاودێری نرخ و کواڵێتی دەکەین

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، ئێمە لە قایمقامیەت لیژنەیەکی باڵامان هەیە کە نوێنەری هەموو لایەنەکانی تێدایە کە کار لەسەر دوو بابەت دەکەن لەناو بازاڕ، ئەویش بابەتی کوالێتی خواردن و ئەو کەلوپەلانەی لەبازاەڕەکان دەفرۆشرێن، لەگەڵ نرخی کاڵاکان".

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لەکاتی بۆنەکاندا خواستی خەڵک لەسەر کڕینی کاڵا و شتومەک زیاد دەبێت، بۆیە ئێمە لە قایمقامیەت لیژنەیەکی باڵامان هەیە کە نوێنەری هەموو لایەنەکانی تێدایە کە کار لەسەر دوو بابەت دەکەن لەناو بازاڕ، ئەویش بابەتی کوالێتی خواردن و ئەو کەلوپەلانەی لەبازاەڕەکان دەفرۆشرێن، هەروەها کار لەسەر نرخیش دەکەن".

گوتیشی: کاتێک خواستی خەڵک خیاد دەبێت لەسەر کاڵاکان خەڵکانێک هەن ئەو هەلە دەقۆزنەوە و نرخ زیاد دەکەن، دەشڵێ، دەتوانم بڵێم ئێستا لە بازاڕەکانی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر نرخ جێگیرە، بەراورد لەگەڵ ولاتانی دەوروبەر بەتایبەتی خۆراک، ژە پێویستییەکی سەرەکی هەموو خەڵکە.

بەگوتەی نەبەز کۆگاکان پڕن لە خۆراک، لەلایەن لیژنەکانەوە بەردەوام چاودێری دەکرێن، بۆ ئەوەی ئەو خۆراکەی دێتە ناو بازاڕەکان کواڵێتییەکی باشی هەبێت و تەندروستبێت و نرخەکانیشیان جێگیر بێت ئیستغلالی تێدا نەبێت.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر گوتیشی: ئێمە ڕێگە نادەین لەگەڵ هاتنی بۆنەکان نرخ بەرزبکرێتەوە، ئێمە لە کۆمپانیا گەورەکانەوە کەوا سەرچاوەی سەرەکی دابەشکردنی خۆراک کاڵا و شتومەکن بۆ بازاڕەکان بەدواداچوونی دەکەین. لیژنەکانمان ئاگاداری نرخەکانن.

نەبەز عەبدولحەمید، دەشڵێت: زۆربەی سزاکانمان لەسەر بابەتی تەندروستیی، یان پابەند نەبوون بووە بە ڕێنماییەکان، یاخود مۆڵەتیان نەبووە، هەروەها فرۆشتنی خۆراکی ماوە بەسەرچوو، کە لەماوەی ڕابردوو دەستمان بەسەر چەندین تۆن خۆراکدا گرتووە، بەتایبەت گۆشتی هیندی و جگەر کە لەبازگە و دەروازەکان دەستی بەسەردا گیراوە.