سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژوەنديی هاوبەش برەو بە پەیوەندییەکانمان دەدەین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردەوە: لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران هاوڕابووین لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژوەنديی هاوبەش.

ڕۆژی هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازیم لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران کرد. پەرەپێدانی پەیوه‌ندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانمان تاووتوێ کرد و هاوڕابووین لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژوەنديی هاوبەش.

کاتژمێر 11:15 خولەکی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد.

دوای کۆبوونەوەکەش، هەریەکە لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند و هەردوولا جەختیان کردەوە کە دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران، بەهێزتر بکەن.

 
 
 
 
 
View this post on Instagram
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

A post shared by Masrour Barzani (@masrourbarzani)

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کاتژمێر 09:25 خولەکی بەیانیی هەمان ڕۆژ، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکوومییەوە پێشوازیی لێ کرا.

ڕۆژی سێشەممە (11ـی حوزەیرانی 2024) عەلی باقری کەنی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر جێی ڕەزامەندییە و ئێستا قەبارەیەکی بەرچاوی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، لە هەرێمی کوردستانەوەیە. لە داهاتووشدا، بەرچاوڕوونییەکی زۆر لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا هەیە. بۆیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات".

ئێوارەی ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024)، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.

دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.

ڕۆژی (20ـی ئایاری 2024) نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی  بانگهێشت کردبوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و وا بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. ئێمەش خەریکی ڕێکخستنی بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆککۆمار بووین، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕووداوە هاتە پێشەوە".