سەعید شاوێردی: سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگە

سەعید شاوێردی، شارەزای کاروباری ئێران
سەعید شاوێردی، شارەزای کاروباری ئێران

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی کاروباری ئێران، دەڵێت: هەرێمی کوردستان و ئێران پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان فراوانتر دەکەن، هەروەها هەرێمی کوردستان بۆ ئێران ناوچەیەکی گرنگە.

سەعید شاوێردی، شارەزای کاروباری ئێران، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: هەرێمی کوردستان هەمیشە بۆ ئێران ناوچەیەکی گرنگە بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوانیان، هەروەها لە ڕابردووشدا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هەر باش بووە.

ئەو شارەزایەی کاروباری ئێران دەڵێت: دوای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، پەیوەندی نێوان وڵاتەکە و هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێیەوە، هەردوولاشیان جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد، سنووری هاوبەش لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو سنوورە هاوبەشانە بەردەوام دەبێت ئەمن و ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت.

جەختی لەوە کردەوە، پێش ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بمرێت نیازی وابوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات تا زیاتر پەرە پەیوەندییەکان بدات، هەروەها سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگە

سەعید شاوێردی، لەباری سەردانی عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەم سەردانەی ئەمڕۆی ناوبراو پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر دەباتە قۆناغێکی دیکەوە، کە وادەکات پەیوەندییەکانی لە داهاتوودا گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.