ئاوارە کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەنین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

کلێسایەک لە مووسڵ
کلێسایەک لە مووسڵ

K24 – هەولێر:

زیاتر لە هەزار و 200 خێزانی کریستیان بەهۆی توندوتیژییەکانی داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا کۆچیان کردووە، ئەندامێکی دەستەی ئەساقیفە لە ئەلقووش دەڵێت: زۆرینەی کرسیتیانەکان ئاوارەی هەولێر بوون و لەوێ هەست بە سەقامگیری دەکەن، بۆیە ڕێژەی 90%ـیان ئامادەنین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

دوای 10 ساڵ لە ئاوارەبوونیان و تێپەڕینی حەوت ساڵ بەسەر ئازادبوونی شاری مووسڵ، کریستیانەکانی پارێزگای نەینەوا ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی لە هەولێرن، بەهۆی دۆخی ئێستای ناوچەکانیانەوە، مەیلی گەڕانەوە بۆ سنووری پارێزگاکە ناکەن.

ئەمیل شەمعوون نوونا، سەرۆکی ئەساقیفی کلدانی لە مووسڵ ڕایگەیاند: هەزار و 200 خێزانی کریستیان بەهۆی توندوتیژییەکانی داعش، موسڵیان جێهێشتووە، ئاماژە بەوە دەکات کڵێساکانیان لەلایەن باندەکانەوە رووبەڕووی تاڵانکاری بووەتەوە.

سەرۆکی ئەساقیفی کلدانی لە مووسڵ گوتیشی: کریستانەکانی شارەکە بەشێوەیەکی فراوان کۆچ دەکەن و دوو ڕاهیب و سێ نەوجەوان لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە ڕفێندراون.

لەلایەن خۆیەوە، پۆڵس سابت، ئەندامی دەستەی ئەساقیفە لە ئەلقووش ئاماژەی بەوەکرد: بەشی زۆری کریستیانەکان ئاوارەی هەولێر بوون و لە عەنکاوە نیشتەجێن و لەوێ هەست بە سەلامەتی دەکەن، خاوەنی هەلی کاری خۆیانن، بۆیە بیر لەوە ناکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، چونکە هیچ جیاکارییەک لە هەولێر لە نێوان پێکهاتەکان نابیندرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو ڕوونی کردەوە: کریستیانەکان لە سەردەمی حکومڕانی داعش لە مووسڵ نەهامەتی زۆریان بینیوە و ئەو قۆناغە بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بۆ نێوبانگی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لەو شارەدا.

ئەو ئەندامەی دەستەی ئەساقیفی لە ئەلقووش باسی لەوەشکردووە: بەهۆی ئەو ئازارە دەروونیانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ڕێژەی 90%ـی ئەو کریستیانانەی لە مووسڵ هەڵاتوون، بیر لەگەڕانەوە ناکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عەنکاوە باس لەوە دەکەن: ھیچ کەمپێکی ئاوارەی کریستیان لە سنوورەکەیان نەماوە، ھەموو ئاوارە کریستیانەکان چوونەتە نێو خانووەکان، چونکە ئەوان ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و لێرە لە ھەرێمی کوردستان دەستیان بە کار و کەسابەتی خۆیان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان پێشتر یەک ملیۆن و 500 ھەزار کریستیان لە عێراق ھەبوون ئێستا نیوەی ئەو ژمارەیەش نەماوە یان ئاوارە بوونە و لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، یان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارە کریستیانەکان بۆ نەبوونی ئارامی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکانیان و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەیەک ژیانیان لە مەترسیدا بێت".