زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی سبەی دەچنە کێوی عەرەفە

حاجییان ڕوکنەکانی حەج بەجێدەگەیەنن - وێنە: AP
حاجییان ڕوکنەکانی حەج بەجێدەگەیەنن - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی هەواڵەکانی سعوودیە، زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی ئەمساڵ، فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن و سبەی شەممە لە کێوی عەرەفە دەوەستن، وەک گەورەترین ڕوکنی حەج.

کەناڵی عەرەبییە بڵاویکردووەتەوە: 208 هەزار حاجی کە دانیشتووی وڵاتی سعوودیەن، ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا، ملیۆنێک و 800 هەزار حاجیش لە سەرتاسەری جیهانەوە، بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، سەردانی سعوودیەیان کردووە.

بەگوێرەی ئامارەکان، 250 هەزار کەس لە هەموو تیمە جیاوازەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی سعوودیە، بەشدارن لە بەڕێوەبردنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، جگە لە هەزاران خۆبەخش کە بۆ ڕێنمایی و هاوکاری حاجییان لە ناوچە جیاوازەکانی هەنگاوەکانی فەریزەی حەج بەشدارن.

بۆ گواستنەوەی حاجییان بۆ مەشعەری مینا، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە ڕێگەی 12 هەزار پاسەوە لە حەوت ئاراستەوە بەشداربوون کە بۆ گواستنەوەی تەواوی حاجییان، زیاتر لە 16 کاتژمێر دەخایەنێت و کاتژمێر هەشتی بەیانی ڕۆژی شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) بەردەوام دەبێت.

دەسەڵاتدارانی سعوودیە ئاماژە بەوە دەکەن، لە ڕووی تەکنەلۆژییەوە، حەجی ئەمساڵ لە هەموو ساڵانی پێشووتر جیاوازترە کە زۆربەی کارەکانی ڕێکخستن و چاودێری حاجییانیان لە ڕێگەی دیجیتاڵییەوە ڕێکخستووە و هەر حاجییەکیش لە ڕێگەی کارتی نوسکەوە، هەموو زانیارییە کەسییەکانی و شوێنی مانەوەی لە مەککە و زانیاری لەبارەی سەرپەرشتیاری کاروانەکەی، بەشێوەی ئەلیکترۆنی تێدا تۆمارکراوە.

هاوکات یەکێکی دیکە لە ڕووداوە دیارەکانی حەجی ئەمساڵ، حاجییان سێ ڕۆژ لەسەر یەک گوێبیستی وتار دەبن، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لە مەککە، ئامادەی وتاری هەینی بوون، ڕۆژی شەممەش وتاری وەستان لە کێوی عەرەفە دەخوێندرێتەوە و ڕۆژی دواتریش کە دەکاتە یەکەم ڕۆژنی جەژنی قوربان، وتاری جەژن لە پێشکەش دەکرێت.

ئەمڕۆ هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024) ئەرک و واجباتی حاجییان دەستیپێکرد و دوای ئیحرام بەستن بەرەو مەشعەری مینا بەڕێکەوتن، بۆ ئەوەی سبەی شەممە لەسەر کێوی عەرەفە بوەستن و تا خۆرئاوابوون لەوێ دەمێننەوە.

دوای گەڕانەوەیان لە کێوی عەرەفە، حاجییان لە موزدەلیفە دەمێننەوە، کە دەکەوێتە نێوان مینا و کێوی عەرەفە، بەگوێرەی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، مانەوە لە موزدەلیفە واجبە و پێویستە حاجییان نوێژەکانی مەغریب و عیشا کورت بکەنەوە و لەوێ پێکەوە ئەنجامی بدەن، هەروەها سوننەتە حاجییان تاوەکو بەیانی جەژنی قوربان لە موزدەلیفە بمێنێتەوە و ئەگەر هەر حاجییەکیش لە موزدەلیفە نەمایەوە ئەوا کەفارەتی دەکەوێتە سەر.

دوای ئەوە حاجییان دەچنە جەمەڕات و ئەرکی ڕەجمکردنی جەمەرەی عەقەبە جێبەجێ دەکەن، کە ئەرکی ڕەجمکردن بۆ حاجییان بەپێی ڕێکارەکانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، سێ جارە کە هەر جارێک حاجییان حەوت بەردی بچووک دەگرنە ئەو شوێنەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە بەناوی جەمەرەی عەقەبە.

هاوکات لەگەڵ تەواوکردنی ئەرکی رەجمکردنی یەکەم، حاجییان دەست بە ئەرکی تەوافکردن بە دەوری کەعبەی پیرۆز دەکەن لە مەککە و بە بڕینی بەشێکی مووی پرچیان، ئیحرام دەشکێنن و دەتوانن جلوبەرگی ئاسایی لەبەربکەن و قەدەغەکراوە شەرعییەکانی کاتی بەستنی ئیحرام، بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجام بدەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، گەشتی وڵاتی سعوودیەیان ئەنجامداوە.