ڕۆژئاوای کوردستان.. ڕفاندن و چەکدارکردنی مێردمنداڵان بەردەوامە

کەمپی مەشقی سەربازی منداڵانی چەکدار کراوی هەسەدە
کەمپی مەشقی سەربازی منداڵانی چەکدار کراوی هەسەدە

 تەڤگەرا بەناو "گەنجانی شۆڕشگێڕی" سەر بەئیدارەی خۆسەر، دوو کچە هەرزەکاری ئاوارەکانی عەفرینیان لە گوندێکی باکووری حەلەب ڕفاندووە و خێزانی هەردوو کچە ڕفێندراوەکانیش داوای ئازادکردن و گەڕاندنەوەی منداڵەکانیان دەکەن.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین بڵاوی کردووەتەوە، سلڤانا ئەسعەد ڕەشید تەمەن 14 ساڵان کە لە خێزانە ئاوارەکانی عەفرینە، لە یەکی حوزەیرانەوە لەلایەن تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ئەو کچە نییە.

سلڤانە ئەسعەد ڕەشید لە دایکبووی 2010- ئاوارەی عەفرین

سیلڤانا ئەسعەد ڕەشید، لە 2010 لە گوندی چاقماق لە عەفرین لەدایک بووە، دوای داگیرکارییەکانی عەفرین لە 2018 لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارەی گوندی ئوم ئەلحۆشی باکووری حەلەب بوون.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ هەروەها ڕایگەیاندووە، هەر لە یەکی حوزیرانەوە ئەو تەڤگەرە کچێکی دیکەی ئاوارەی عەفرینیان بە ناوی ئەلماز فەوزی گولین، ڕفاندووە کە تەمەنی 13 ساڵانە، ئەویش چارەنووسی نادیارە.

ئەڵماز فەوزی گولین لەدایکبووی 2011- ئاوارەی عەفرین

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، ئەلماز، لە 2011 لە گوندی نیسیری عەفرین لە دایکبووە و خێزانەکەی لە 2018 ئاوارە بوون بۆ گوندی ئوم ئەلحۆش لە سنووری پارێزگای حەلەب.

بنەماڵەی هەردوو کچەکە داوا لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، یاسایی و مافەکانی منداڵان دەکەن کچەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.

تەڤگەرا گەنجانی شۆڕشگێڕ، ڕێکخراوێکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت و چەندین منداڵ و گەنجی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاندووە و لە کەمپەکانی خۆیدا دەست بەسەری کردوون بۆ ئەوەی چەکداریان بکات و لەسەر هزری پەکەکە گۆشیان دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە حوزەیرانی 2019 پەیماننامەیکی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان مۆر کردووە بۆ کۆتایی هێنان و قەدەغەکردنی چەکدارکردنی منداڵان و مێرمنداڵان و ڕاهێنانیان لەسەر شەڕو توندوتیژیدا، بەڵام لەو کاتەی ڕێککەوتنەکە مۆر کراوە، دۆخی ڕفاندنی منداڵان کۆتایی نەهات و هەر بەردەوامە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تەممووزی 2020 تاوەکوو تەممووزی 2022، واتە لە دوو ساڵدا 829 منداڵ و مێرمنداڵی لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ ڕفاندووە و چەکداریانی کردووە.