شازادە کەیت دوای تووشبوونی بە شێرپەنجە، یەکەم جارە دەردەکەوێت

شازادە کەیت، ڕایگەیاند، دوای چەند مانگێک لە تووشبوونی بە شێرپەنجە، ئەمڕۆ شەممە، بۆ یەکەمجار دەردەکەوێت، دەرکەوتنەکەشی بە بۆنەی ئەو نمایشە سەربازییەیە کە لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یادی لەدایکبوونی شا چارڵزی سێیەمدا ڕێکخراوە. شازادە کەیت، ئاماژەی بەوەکرد، لە چارەی نەخۆشییەکەی پێشکەوتنی باش بینیووە.

ئێوارەی هەینی، پەیامێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە هاوسەری شازادە ویلیام، میراتگری تەختی بەریتانیا بۆ یەکەمجار باسی تەندروستیی خۆی کرد، لە دوای ڕاگەیاندنی نەخۆشییەکەی لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداردا.

شازادە کەیتی تەمەن 42 ساڵ، لە نامەکەیدا، "پێشکەوتنی باشم هەیە، بەڵام وەک هەر کەسێک چارەی کیمیایی دەکات، دەزانێت، ڕۆژانی خۆش و ڕۆژی خراپ هەیە". ئاماژەی بەوەش کردووە، چارەکردنم تا چەند مانگێک بەردەوام دەبێت.

گوتیشی: "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بەشداریکردنم لە نمایشی سەربازی بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی شا چارلز، هیوادارم بتوانم لەم هاوینەدا بەشداریی لە هەندێک ئەرکی گشتیدا بکەم".

ویلیام و کەیت و منداڵەکانیان، وەک ڕووخساری مۆدێرنی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا و کلیلی داهاتووی بەریتانیا سەیر دەکرێن، لە کاتێکدا پشتیوانییەکان لەنێو چینی گەنجان کەم بووەتەوە.

لە 11ـی ئاداردا دوای ئەوەی وێنەیەکی ڕۆژی دایکی بڵاوکردەوە کە دواتر دەرکەوت وێنەکە دەستکاریی کراوە، دواتر لە بەیاننامەیەکدا داوای لێبوردنی کرد.

لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی کنسیگتۆن هەرگیز هیچ شتێکی لە بارەی تەندروستی کەیت و جۆری ئەو شێرپەنجەیەی کە تووشی بووە ڕانەگەیاندووە.

کەیت، لە پەیامەکەیدا ڕوونی نەکردەوە کە چۆن بەشداری لەو ئاهەنگانەدا دەکات کە بە زۆری لە مانگی حوزەیران ڕێک دەخرێن، هەرچەندە ڕۆژی لەدایکبوونی شا لە مانگی تشرینی دووەمدایە.

هەروەها ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئایا لە کاتی دەرکەوتنی لە باڵکۆنی کۆشکی باکینگهامەوە شان بەشانی ئەندامانی بنەماڵەی شاهانە دەوەستێت یان نا.

کۆشکی باکینگهام ڕوونی کردەوە، ئەمساڵ شا چارڵی سێیەم کە بەهەمان شێوە "تووشی شێرپەنجە" بووە، لە ناو گالیسکەیەکەوە بەشداری لە نمایشە سەربازییەکەدا دەکات، نەک بە ئەسپ وەک ساڵی ڕابردوو.

چارڵز لە کۆتایی مانگی نیساندا دەستی بە چالاکییە گشتیەکانی کردەوە و لە سەرەتای مانگی حوزەیران لەگەڵ شاژنە کامیلا بە شداری لە  ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی هەشتا ساڵەی دابەزینی هاوپەیمانان لە نۆرماندی سەردانی فەرەنسای کرد.