دیالە.. بەهۆی گرانبوونی نرخی ئاژەڵ کەمترین هاووڵاتی ڕوو دەکەنە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان

مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی دیالە
مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی دیالە

K24 – دیالە:

بەهۆی گرانبوونی نرخی ئاژەڵی خۆماڵی لە پارێزگای دیالە بۆ ئەوەی بیانکەن بە قوربانی کەمترین هاوڵاتی ڕوودەکەنە مەیدانی ئاژڵفرۆشان تاوەکوو ئاژەڵ بۆ قوربانی بکڕن، خاوەن یەکێک لە ئاژەڵەکانیش دەڵێت بەراورد بە دوو مانگی ڕابردوو نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور نزیکەی سێ هەزار دینار دابەزیوە بەڵام کەمترین کڕیار ڕوومان تێ دەکات.

جاسم محەممەد، ئاژەڵدار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، 50 سەر ئاژەڵم هەیە، بە هۆی ئەو ئاژەڵانەی لە سووریا و ئێران هاوردە دەکرێن ئەوانەی خۆمان باش نافرۆشێن، وێڕای ماندوبوون و بەخێوکردنیان کەس ئاژەڵەکانی ئێمە ناکڕن، چونکە بە لێشاو ئاژەڵ لە وڵاتانی دراوسێ هاوردەی عێراق دەکرێن".

گۆڕپانە جیاجیاکانی پارێزگای دیالە کە بۆ ئاژەڵفرۆشتن و ئەو ئاژەڵانەشی بۆ قوربانی شیاون بەکاردێت جمەیان دێت، بەڵام زۆر بە کەمی کڕیار دەبینیت ، خاوەن ئاژەڵەکانیش دەڵێن نرخی گۆشت بەراورد بە دوو مانگی ڕابردوو دابەزیوە، بەڵام هاووڵاتییان هەژار و کەم درامەتن و زۆر بە کەمی قوربانی دەکەن.

حەسەن عەلی، فرۆشیاری ئاژەڵ، بە کوردستان24ـی گوت: بەهۆی هاوردەی ئاژەڵان لە وڵاتانی دراوسێ بۆ عێراق، نرخیان دابەزیووە، پێشتر نرخی یەک کیلۆ بە 20 هەزار دینار بوو، ئێستا بە 17 هەزار دینار دەیفرۆشین، وێڕای بێ مووچەیی و خراپی دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتییان کە کاریگەری زۆری بۆسەر بازاڕی ئاژەڵان و ئەنجامدانی پرۆسەی قوربانیکردن هەیە.