لە زەریای سوور پەلاماری کەشتییەک درا

دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنی زەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند، دوو تەقینەوە لە تەنیشت کەشتییەک لە زەریای سوور لە نزیک شاری موخای یەمەن بەدووری 40 میلی زەریایی بووە.

لە بەیاننامەیەکدا دەسەڵاتەکە لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند کە (UkMTO) ڕاپۆرتی ڕووداوی زەریایی باشووری شاری مۆخای یەمەنی پێ گەیشتووە.

ئاماژە بەوە کراوە، کاپتنەکە دوو تەقینەوەی لە نزیک کەشتییەکە ڕاگەیاندووە و ئەوەشی خستۆتەڕوو کە هیچ زیانێک بەر کارمەندانی کەشتییەکە نەگەیشتووە و کەشتییەکە بەرەو شوێنی دیاریکراوی خۆی دەڕوات.

هەروەها دەسەڵاتداران بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکەن و ئامۆژگاریی کەشتیوانەکان دەکەن بە وریاییەوە بپەڕنەوە و هەر چالاکیەکی گوماناویش بەدی کرا ڕاپۆرت بە دەسەڵات بدەن.

هیزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) پێشتر ڕایگەیاند، کارمەندانی کەشتیی سووتاوی ئۆکراینی (MV Verbena) دوای هێرشێکی موشەکیی حوسییەکان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، وازیان لێهێنا و گواسترایەوە بۆ ناوچەیەکی پارێزراو.

لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووەوە پەلاماری 129 کەشتی ئیسرائیلی و ئەمەریکی و بەریتانیا دراوە.

گرژییەکان لە زەریای سوور و عەرەبی و کەنداوی عەدەن پەرەی سەندووە، لەوەتەی بزووتنەوەی ئەنسارڵڵا دەستی پێ کردووە، لە تشرینی دووەمی 2023 هێرشەکانی بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەستی پێ کردووە کە بە گوتەی خۆی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە یان بەرەو بەندەرەکانی دەڕۆن، ئەمەش لە وەڵامی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.