زیاتر لە 100 پرۆژەیاسا لە پەرلەمانی عێراق پەکخراون

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

زیاتر لە 100 پرۆژەیاسا لە پەرلەمانی عێراق تاوەکوو ئێستا لە چاوەڕوانی پەسەندکردندان و چەند پرۆژەیاسایەکیش پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

وەرزیی یەکەمی یاسادانانی ساڵی سێیەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات و ئێستا پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە، لە کاتێکدا دەیان پرۆژەیاسای گرنگ لە چاوەڕوانی دەنگدان و پەسەندکردندان، لە سەرووی هەمووشیانەوە، یاسای نەوت و گاز، بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد عەنووز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: زیاتر لە 100 پرۆژەیاسا لە پەرلەمانی عێراق پەکخراون کە لەنێویاندا ژمارەیەک پرۆژەیاسا هەن کە حکوومەت بە مەبەستی هەموارکردنەوەیان لە پەرلەمان کشاندوێتییەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: کۆمەڵێک پرۆژەیاسای گرنگ لەنێو ئەو پرۆژەیاسانەدا هەن، وەک پرۆژەیاساکانی خزمەتی ئاڵا، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، خزمەتی مەدەنی فیدراڵی کە بە فەرمی لەلایەن حکوومەت کشێندراونەتەوە.

عەنووز باسی لەوەشکردووە: هۆکاری پەکخستنی ئەو پرۆژەیاسایانە بەشێکی سیاسییە، وەک پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی، بەشێک لە پرۆژەیاساکانی دیکەش کە تاوەکوو ئێستا پەسەند نەکراون، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوەیە.

هاوکات بەپێی لێدوانی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەشێک لە هۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسانە، پەیوەندی هەیە بە دواکەوتنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان و ڕێکنەکەوتن لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە.

پێش ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی وەرزیی یەکەمی یاسادانانی ساڵی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە (3ـی حوزەیرانی 2024)، پەرلەمانی عێراق توانی سەرکەوتوو بێت لە تێپەڕاندنی خشتەکانی بودجە و درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆن، بەڵام جارێکی دیکە شکستی هێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان.

ڕۆژی (22ـی ئایاری 2024) پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای دووەم هەمواری یاسای ژمارە 31ـی ساڵی 2019ـی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا. بەپێی هەموارەکە، ماوەی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ شەش مانگ درێژ کرایەوە  کە 7ـی تەمموزی ئەمساڵ کۆتایی دەهات.

هەروەها لە دانیشتنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی کۆبووەوە و بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسەندی کرد،  یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.

بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سوننەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەرکەوتەی ئەو پێکهاتەیە، سوننەکانی عێراق بۆ چەند بەرەیەک دابەشبوون کە پێکهاتوون لە (تەقەدووم، سیادە، حەسم، عەزم، سەدارە و موبادەرە).

لە دانیشتنی ڕۆژی (18ـی ئایاری 2024)ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دەستی پێ کرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندیدا کرد.

هاوکات، هەر چوار کاندیدەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بەدەست بهێنن و وەرگرتنی پۆستەکە یەکلایی بکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نێوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، ئەم  گەڕەش بەبێ یەکلابوونەوە کۆتایی هات. بڕیار بوو گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانیشتنەکە هەڵگیرا، بەشێوەیەک کە دەنگەکانی گەڕی دووەم بەو شێوەیە بوو؛ مەحموود مەشهەدانی 137 دەنگ، سالم عیساوی 158 دەنگ، عامر عەبدولجەبار سێ دەنگ.