کەربەلاییەکان لە بێ کارەبایی دەناڵێنن؛ ڕۆژانە دوو کاتژمێر کارەبا هەیە

کارمەندانی فەرمانگەی کارەبای کەربەلا
کارمەندانی فەرمانگەی کارەبای کەربەلا

K24 – کەربەلا:

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاووڵاتییانی پارێزگای کەربەلا بەدەست گرفتی کارەباوە دەناڵێنن، سەرەڕای بەڵێنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە گرفتی کارەبا و خەرجکردنی چەندین ملیار دۆلار بەڵام کێشەی کارەبا لەو پارێزگایە چارەسەر نەکراوەو، هاووڵاتیانیش رووبەڕووی هاوینێکی تاقەتپڕوکێن بوونەتەوە.

کارەبا لە پارێزگای کەربەلا چیرۆکی هاوینێکە هەرگیز کۆتایی نەهاتووە، وێڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ و خەرجکردنی چەندین ملیار دۆلار و پێدانی دەیان بەڵێن، دەرکەوت تەنیا قسەیە و هیچی دیکە.

هاووڵاتی عودەی جەدوع دەڵێت: "دۆخی کارەبا لە مانگەکانی شەش و حەوت و هەشت زۆر خراپە، لە مانگی نۆ باش دەبێت ڕێک ئەوکاتەی کە کەشوهەوا زۆر خۆشە، جا ئەمە چ سوودی هەیە، لەسەرەتای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە تاوەکو ئێستا حکوومەت نازانێت کێشەی کارەبا هەیە، نازانێت بڕوات موەلیدە ئەهلییەکان لاببات و مۆلیدەی حکوومی لەشوێنیان کار پێ بکات".

هەروەها هاووڵاتی هاتف خەزعەلی ئاماژەی بەوەکردووە: "هەموو نیوەڕۆیەک خەریکە ئاگر دەگرین لەسەر کار دێیتەوە ماڵم سەیر ئەکەی کارەبا نییە، دەروونت تێکدەدات، ناچاری دشداشەیەک لەبەر بکەیت و بێیتە سەر شەقام سێیەکی عێراقییەکان لەم دۆخەی بێ کارەباییدان، ئەوە چ جۆرە کارەبایەکە، ساڵێک باش و ساڵێک خراپ، لانی کەم بەڵێنمان پێ بدەن لە شەو و ڕۆژێکدا 10 کاتژمێر کارەبامان پێ بدەن، لە شەشی بەیانییەوە تاوەکو شەشی ئێوارە تەنیا دوو کاتژمێر کارەبامان پێ دەدەن، کوا پارێزگار، کوا پەرلەمانتارەکانی دیکە".

بەڵێنی هاوینێکی باشتر وەک ئەوەی لە قسەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتدا دەردەکەوێت لە توانای ئەواندا نییە، چونکە ناتوانن بەرگری لە بەدەستهێنانی پشکی جێگیری پارێزگاکەیان لەنێو تۆڕی گشتی کارەبا، بۆ وەرزی هاوین بکەن.

ئیسرا نەسڕاوی، سەرۆکی لێژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کەربەلا سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە بەڵام بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سوودی لێ نابینین، بەوپێیەی هەموو بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵ، لەوێ لەرێگەی دەستەیەکی باڵای هەماهەنگی و بەپێی پێداویستی کارەبای پارێزگاکان دابەشدەکرێتەوە، هەرچەندە چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا ئاسان نییە، بەڵام بەڵێن بە هاووڵاتیانمان لە کەربەلا دەدەین لە ڕۆژانی داهاتوو، ساڵانی داهاتوو هاووڵاتییان هەست بە باشتربوونی دۆخەکە بکەن. 

دامودەزگا حکومییەکان هەمیشە ئامادەیی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوە لەنێوان گەرمای تاقەتپڕوکێن و پچڕانی کارەبا ڕاگەیاندووە، کەچی هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بەدی ناکرێت، تەنیا ئەوە نەبێت شکستێکی گەورەی ئیداری لەم پرسەدا دەبیندرێت، کە بەدەر نییە لەملکەچبوونی  ئیرادەی لایەنە دەرەکی و سیاسییەکان.