عێراق نەیتوانیووە ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەگەریی ئامادە بکات

رۆژنامەنووسان
رۆژنامەنووسان

155 ساڵ به‌سه‌ر یادی رۆژنامەگەریی عێراقی تێده‌په‌ڕێت، بە شێوەیەک یەکەم رۆژنامەی عێراقی ساڵی 1869 دەرکراوە، کەچی بە درێژایی زیاتر لە سەدە و نیوێک عێراق نەیتوانیووە ژینگەیەکی لەبار بۆ کاریی رۆژنامەگەریی ئامادە بکات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە پلەی یەکەمی جیهانیی لەسەر ئاستی کوژرانی رۆژنامەنووسان گرتووە و لە کۆتاییەکانی ڕیزبەندی ئازادی رۆژنامەگەرییشدایە.

هەرچەندە لە عێراق زیاتر 30 هەزار رۆژنامەنووس هەیە، کەچی ئامارەکانی پێشێلکاریی لە ئاستێکی بەرزدان، بە گوێرەی دوا ئاماری کۆمەڵەی ئازادیی رۆژنامەگەری لە عێراق ساڵی 2023 زیاتر لە 518 حاڵەتی پێشێلکاریی بەرانبەر رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، بەشی هەرە زۆری ئەم پێشێلکارییانەش لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئەنجام دراون و ‌هەڕەشە و لێدان و دەستگیرکردنیشیان لە خۆ گرتووە.

شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە ناوەندێکی دیاری بەرتەسککردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەریی دادەنرێن و هەر یەکە لە پارێزگاکانی بەغدا و بەسڕە پلەی یەکەم و دووەمیان لەسەر ئاستی عێراق گرتووە و زۆرترین پێشێلکارییان بەرانبەر رۆژنامەنووسان تێدا تۆمار کراوە.