هاگاری: گەڕانەوەی ئیسرائیلییەکان بۆ ماڵەکانیان لە باکووری ئیسرائیل، بابەتی دانووستان نییە.

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سەربازی سوپای ئیسرائیل
دانیال هاگاری، گوتەبێژی سەربازی سوپای ئیسرائیل

گوتەبێژی سەربازی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دانووستان دەربارەی گەڕانەوەی ئیسرائیلییەکان بۆ ماڵەکانیان لە باکووری ئیسرائیل بە سەلامەتی، ناکەین.

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سەربازی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەو کاتەوەی حزبوڵلا بڕیاری داوە بەشداری شەڕەکەی7ـی ئۆکتۆبەر بکات، حزبوڵڵا زیاتر لە پێنج هەزار موشەک و گوللـەی دژە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی لە لوبنانەوە ئاراستەی خێزانە ئیسرائیلییەکان و ماڵ و کۆمەڵگاکان کردووە.

هاگاری دەڵێت، "حزبوڵڵا داهاتووی لوبنان دەخاتە مەترسییەوە تاوەکو دەبێتە قەڵغانێک بۆ حەماس".

ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک دەڵێین ڕێگە نادەین 7ـی ئۆکتۆبەرێکی دیکە لەسەر هیچ سنوورێکمان دووبارە بێتەوە، مەبەستمان ئەوە بووە.

ئەو گوتەبێژە لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی، "بەهۆی ڕەتکردنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە پابەندبوون بە بڕیارنامەی ژمارە 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهۆی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا و تەقەکردنی لە ئیسرائیل لە ناوچەی باشووری ڕووباری لیتانی لە باشووری لوبنان، هەروەها بەهۆی شکستی لوبنان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701 دژی حزبوڵڵا، ئیسرائیل هەموو ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر تا ئاسایش لە سنوورەکانی لوبنان دەگەڕێتەوە".

هاگاری جەختی لەوەش کردەوە کە "بە شێوەیەک یان بەو شێوەیە، تەلئەڤیڤ گەرەنتی گەڕانەوەی سەلامەتی ئیسرائیلییەکان دەکات بۆ ماڵەکانیان لە باکووری ئیسرائیل"، دووپاتیشی کردەوە کە ئەمە جێگەی دانوستان نییە.

ناوبراو ڕایگەیان، ناتوانرێت جارێکی دیکە 7ـی ئۆکتۆبەر لەسەر هیچ کام لە سنوورەکانی ئیسرائیل دووبارە بکرێتەوە و ڕوونیکردەوە کە ئیسرائیل ئەرکی پاراستنی ئیسرائیلییەکانی لەسەرە و بە هەر نرخێک بێت ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات.

لە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل ڕۆژانە بۆردومانەکانیان ئاڵوگۆڕ کردووە و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، هەروەها لەم ماوەیەی دواییدا بۆردومانەکانی نێوانیان زیاتر پەرەی سەندووە.