ئاژەڵی قوربانی 16 هەزار کەسی لە تورکیا و باکووری کوردستان بریندار کرد

"ئەوانەی برینداربوونە شارەزاییان لە سەربڕینی ئاژەڵ نییە"
وێنەی بەشێکی بریندارەکان
وێنەی بەشێکی بریندارەکان

لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، لە تورکیا و باکووری کوردستان، زیاتر لە 16 هەزار کەس بەهۆی "ناشارەزایی لە سەربڕینی ئاژەڵ" بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

فەخرەدین کۆخا، وەزیری تەندروستیی تورکیا ڕایگەیاند، لە هەموو شارەکانی تورکیا و باکووری کورستان، وێڕای قەدەغە و بڵاوکردنەوەی هۆشداریی، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی لەخۆیانەوە ئاژەڵیان کردووەتە قورەبانی و لەکاتی سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەشدا زیاتر 16 هەزار کەس بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە زۆر شوێنیش ئاژەڵی قوربانی هەڵاتوون و بەسەر شەقامەکاندا بڵاوبوونەوەتەوە، ئەمەش بووەتە مایەی مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان.

یەکشەممە، 16-06-2024، لە هەرێمی کوردستان، تورکیا و بەشێکی زۆری وڵاتانی موسوڵمان، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو. ساڵانە وەک نەریتێکی ئایینی، موسڵمانان ئاژەڵ سەردەبڕن و بەسەر خەڵکی هەژاردا دابەشی دەکەن.

هەر لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، نوێژی جەژن لەلایەن موسڵمانانەوە لە مزگەوتەکان دەکرێت و موسڵمانان لەناو ھۆڵی مزگەوت جەژنە پیرۆزە لەگەڵ یەکتر دەکەن و داوای گەردنئازایی لە یەکتر دەکەن.