بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر: 600 کیلۆ گۆشتمان ڕەت کردووەتەوە

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاژەڵەکانیان بۆ قوربانی دەبەنە کوشتارگەکان. بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، 600 کیلۆ گۆشتیان ڕەت کردووەتەوە. لە کوشتارگەی دهۆکیش، هیچ بڕە گۆشتێک ڕەت نەکراوەتەوە.

دووشەممە، 17-06-2024، د. کاوە ئەحمەد، بەرپرسی ژووری ڤێرتەرنەریی کوشتارگەی گشتیی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەکو نەریتێکی ساڵانە، لە دوێنێ یەکشەممەوە، 16-06-2024، کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان ئاژەڵەکانیان بە مەبەستی قوربانی بردووەتە کوشتارگەکە و سەریان بڕیوە.  

بە گوتەی د. کاوە، دوو جۆرە پشکنین بۆ ئەو ئاژەڵانە دەکەن، پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین. وەکو خۆی گوتی، لە دوێنێوە هەموو ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانی براونەتە کوشتارگەکە، لە پشکنینەکان دەرچوون و هیچ بڕە گۆشتێک ڕەت نەکراوەتەوە. گوتیشی، کوشتارگەکە لە هەر چوار ڕۆژی جەژن، لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی تاوەکووو 04:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت و تیمێکی پسپۆڕی پزیشکی پشکنینی ئاژەڵەکان دەکەن.

بەرپرسی ژووری ڤێرتەرنەریی کوشتارگەی گشتیی دهۆک داوای لە هاووڵاتییان کرد ئاژەڵی قوربانی ببەنە کوشتارگەکە و لەوێ سەرببڕن، "چونکە سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نایاسایی و لە شوێنی قەدەغەکراو، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک نەخۆشی، لەنێویشیاندا نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و هەندێک جار دەبێتە هۆی مردن".

 

 

لە لایەکی دیکەوە، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی دەرنەچوونیان لە پشکنینە پزیشکییەکان تەنیا دوێنی 600 کیلۆ گۆشت لە کوشتارگەکەیان ڕەت کراوەتەوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر، رێژەی قوربانیکردنی ئەمساڵی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاری هەولێر لە جەژنی ئەمساڵ بەراورد بە جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوو، نزیکەی لە سەدا 50 یە.