کاندیدای باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق هەڕەشە لە گرووپە چەکدارەکان دەکات

ترەیسی جەیکبسنم کاندیدای جۆو بایدن، بۆ باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە بەغدا
ترەیسی جەیکبسنم کاندیدای جۆو بایدن، بۆ باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە بەغدا

کاندیدای بایدن بۆ باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا، پێش دەستبەکاربوونی، هەڕەشە لە گرووپە چەکدارەکان دەکات. ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بە توندی وەڵامی دەداتەوە.

ترەیسی جەیکبسنم کاندیدای جۆو بایدن، بۆ باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە بەغدا؛ لە گوتارێکدا لە بەردەم لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران جەختی لەوە کردەوە، لە ئەرکە نوێیەکەیدا ڕووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان و هەژموونی ئێران لە عێراق دەبێتەوە. تریسی گوتی، کاری لەپێشینەی لە بەغدا، پاراستنی بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا دەبێت، ئەم ئەزموونە نوێیەشی لە خزمەتی بەرژوەندییە دوولایەنەکانی واشنتن-بەغدا بەکار دەهێنێت.

ترەیس لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لە کۆنگرێس ئاماژەی بەوە کرد، "گەشەی ئابووریی عێراق مانای کەمکردنەوەی هەژموونی میلیشیاکانە، چونکە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران هەڕەشەن بۆسەر چارەنووسی بەغدا". دووپاتیشی کردەوە، بە هەموو توانای خۆیەوە کار بۆ بەپەرچدانەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکات و تواناکانیان لە زۆر ڕووەوە سنووردار دەکات.

 ناوبراو گوتیشی:"ئەمەریکا بە جددی کار لەسەر سەربەخۆیی عێراق و پاراستنی ئەو وڵاتە لە دەستوەردانە دەرەکییەکان دەکات، هەوڵ دەدات عێراق هاوشێوەی ستانداردە جیهانییەکان بێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی، تاوەکوو  لە پشت بەستن بە غازی ئێرانی وەک سەرچاوەی سەرەکی وزە ڕزگاری ببێت."

ترەیسی ماوەی 30 ساڵە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کار دەکات و پێشتر لە هەریەک لە تورکمانستان، تاجیکستان و کۆسۆڤۆ باڵیۆز بووە.

قسەکانی باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا، کاردانەوەی لەناوخۆی عێراق لێ کەوتەوە. خالد یەعقووبی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "قسەکانی ترەیسی جاکۆبسۆن مانای تێ نەگەیشتنە لە دۆخی عێراق و دەستوەردانی ئاشکرای ناوبراوە لە سەروەری وڵاتەکەمان". هۆشداریشی دا، لێدوانەکانی باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق "لە کەسێک ناوەشێتەوە کاری دیپلۆماسی بکات".