ئایدن مەعروف: ئێمە لەدەرەوەی سیستەمی کۆتاکان بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایگەیاند، هەڵبژاردن پرسێکی گرنگە، ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی، لە ڕێگەی سیستەمی کۆتاکان بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین بەڵکو لەدەرەوەی سیستەمی کۆتاکان بەشدار دەبین.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵبژاردن پرسێکی گرنگە، بۆیە ئەو پرسە پێویستی بە ڕێککەوتنە چونکە پرسێکی نیشتیمانییە، هەروەها ئێمە وەکو نەتەوەی تورکمان لەگەڵ ئەوەداین بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردن بکرێت.

ئایدن مەعروف گوتیشی: ئەو پێنج کورسییەی بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراون، کەمن؛ هەروەها دابەشکردنی کورسییەکان زۆر هەڵەیە کە لەسەر ئاستی جوگرافیا دابەش کراون و بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو بووە، کە ئەمەش لەبەرژەوەندیی کۆتاکاندا نییە. بۆیە ئێمە، پێشتریش گوتومانە ئەو دابەشکردنە ڕەت دەکەینەوە، چونکە نادادی تێدایە.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لەوەش کرد، ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی لە ڕێگەی سیستەمی کۆتاکان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ناکەین بەڵکو لەدەرەوەی سیستەمی کۆتاکان بەشدار دەبین، هەڵوێستەکەشمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان زۆر کەمە بەتایبەت بۆ شاری هەولێر.

ڕاشیگەیاند، ئێمە هیچ گرفتمان نییە کە پێکهاتەی تورکمان لە شاری کفریش نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان هەبێت، بەڵام یەک کورسی بۆ هەولێر زۆر کەمە، چونکە زۆرترین ژمارەی نەتەوەی تورکمانەکان لەدوای کەرکووک لە هەولێرە، بۆیە پێویستە ڕەچاوی نەتەوەکان و داواکاریی پێکهاتەکان بکرێت.

لەبارەی کریستیانەکان گوتی: بەشێکیان بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن و بەشێکیشیان بەشداریی دەکەن. بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی هەمووان گلەییان لە سیستەمی دابەشکردنەکە هەیە.