ڕۆشنبیران و نووسەرانی تورک داوای کۆتاییهێنان بە سیاسەتی قەیووم دەکەن
115 ڕۆشنبیر و نووسەری ناسراو و بەناوبانگی تورکیا لە پەیامێکی هاوبەشدا داوا لە دەسەڵاتدارێتی تورکیا دەکەن دژ بە سەرۆک شاروانییە کوردەکان کۆتایی بە سیاسەتی قەیووم بێنێت.
115 نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندی بەناوبانگی تورکیا، لە نێویاندا هەر یەک لە ڕۆماننووس ئۆرهان پامۆک براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ساڵی 2006 لە بواری ئەدەب، موراتان مونگان شاعیر و نووسەری تورک سەپاندنی سیاسەتی قەیووم بە سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان بە کودەتایەک بۆ سەر پێکەوە ژیان لە تورکیا وەسف کردووە و داوا دەکەن حکوومەت دەست لەو سیاسەتە هەڵگرێت.
هەروەها لادانی سەرۆک شارەوانیی جۆلەمێرگ و دانانی سەرۆک شارەوانییەک بەبڕیاری قەیووم بە پێشێلکارییەکی زەقی دەستوور ناوبردووە و داواکارن سیاسەتی قەیووم ڕابگیرێت، چونکە بەهیچ پێوەر و شێوازێک لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ناگونجێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە دوای دەستگیرکردنی محەممەد سدیق ئاکش و دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی جۆلەمێرگ، کەسێکی بە قەیوم بە سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ ڕاسپارد.
دواتر داواکاری گشتیی تورکیا سکاڵایەکی یاسایی ساڵی 2014ی لە دژی ئاکش جوڵاند کە پەیوەست بوو بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و محەممەد سدیق ئاکش سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی جۆلەمێرگ بە سەرکردایەتیکردنی گرووپی تیرۆریستی تۆمەتبار کرابوو.
دواجار چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، دادگای باڵای تاوانەکانی جۆلەمێرگ 61ـەمین دانیشتنی دادگایی کردنی محەممەد سدیق ئاکش، ئەندامی دەم پارتی و سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی پارێزگای جۆلەمێرگ و 13 تۆمەتباری دیکەی بەڕێوە برد و دوا بڕیاری لەسەر دۆسیەکەدا و بە تۆمەتی سەرکردایەتیی ڕێکخراوی چەکداریی و تیرۆر سزای 19 ساڵ و شەش مانگی بۆ ئاکش دەرکرد.
لە یەکەم کاردانەوەشدا، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، پێویستە وەزارەتی ناوخۆ پۆستەکە لەبری قەیووم، بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی بگەڕێنێتەوە کە ئەویش ڤیان تێکچەیە و لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی جۆلەمێرگەوە بە دەنگی زۆرینە هەڵبژێردراوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی محەممەد سدیق ئاکش، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی تورکیا هیچ وەڵامێکی دەم پارتی نەداوەتەوە.