فەیسەڵ سادق: نزیكەی 35 ھەزار گەشتیار هاتوونەتە سنووری سۆران

فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران

K24 – سۆران:

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕاگەیاند، لە ڕۆژانی جەژندا نزیكەی 35 ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردووە. گوتیشی: ھاتنی گەشتیار گەشەی بازاڕی زیاتر كردووە.

فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژانەی یەکەم و دووەمی ڕۆژی جەژندا نزیکەی 35 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە.

ناوبراو دەڵێت: بازاڕی چۆمان بووژانەوەیەکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، زۆربەی مۆتێل، هۆتێل و کەپرە گەشتیارییەکان تەواو پڕ گەشتیار بوونە و شوێن نەماوە. هاوکات گوتیشی: ھاتنی گەشتیار گەشەی بازاڕی زیاتر كردووە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، ڕۆژێک پێش جەژنی قوربان، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، واتا سنووری هەر شەش قەزای مێرگەسۆر، خەلیفان، سیدەکان، قەزای ناوەندیی سۆران، ڕواندز و چۆمان.

لای خۆیەوە موحسین تەحسین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سۆران بە کوردستان24ـی گوت: بەپێی ئەو پلانەی بۆ هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان دانراوە، لە هەموو ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری سۆران، ئۆتۆمبێلی تایبەت، پۆلیسی هاتوچۆ و مەفرەزەی تایبەتیان دەبێت.

موحسین تەحسین ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەر ناوچەیەکی گەشتیاری، ئەفسەرێکی ئێشکگر و ژمارەیەک پۆلیسی هاتوچۆ دانراون و سەرپەرشتیی ناوچەکە دەکەن. ئەگەر لە شوێنێک قەرەباڵغیی هاتوچۆ دروست بوو، دەچنە شوێنەکە و کارئاسانیی تەواو بۆ گەشتیاران دەکەن.