هێمن سەید موراد: ئەمساڵ 228 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت

گەنم
گەنم

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، بەشی هەولێر ئەمساڵ 228 هەزار تۆن گەنمە، 16799 جووتیاریش ناوی خۆیان بۆ پرۆسەی بەبازاڕکردن تۆمارکردووە، ئەمڕۆش پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستی پێکرد.

هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمساڵ بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر لە حەوتی مانگەوە دەستی پێکردووە ، دەشڵێت، ئەمساڵ بە دوو سایلۆ دەست بە گەنمی جووتیاران کراوە لە سایلۆی هەولێر و سایلۆی قوشتەپە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەش ئاسانکاریی زیاتر بۆ جووتیاران دەکات کە گەنمەکەیان لێ وەربگیرێت کە پێشتر تەنها لە یەک سایلۆ بوو ، ئەوەش قەرەباڵغی لەسەر بوو، گوتی، ئەمساڵ بارهەڵگرەکانی گەنمەکان بار دەکەن لە بەش و بەڕێوەبەرایەتیە کشتوکاڵییەکان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر نۆرەیان بۆ دەست نیشان دەکرێت، ئەمە وای کردووە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران یەکجار زۆر خێرا بێت، دەشڵێت، هیچ بارێک ناگاتە دوو رۆژ کە بارەکەی خۆی دادەگرێت و گەنمەکەی دەداتە سایلۆ، ڕاشیگەیاند، بەشی هەولێر ئەمساڵ 228 هەزار تۆن گەنمە ، 16799 جووتیاریش ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ پرۆسەی بەبازاڕکردن ، گوتی، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی جووتیاران گەنمەکانیان ڕادەست دەکەن.