رۆژگار جەعفەر: بەشێک لە کوردستانیان ئەمڕۆ بوونە حاجی

پڕۆسەی حەج
پڕۆسەی حەج

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ مەراسیمەکانی فەریزەی حەج کۆتاییان هات، هەموو ئەو کوردستانیانەی لەڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی هەرێمی کوردستانەوە فەریزەی حەجییان جێبەجێ کرد، ئەمڕۆ بوونە حاجی.

سێشەممە (18ـی حوزەیرانی 2024)، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ مەراسیمەکانی فەریزەی حەج کۆتاییان هات، هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کوردستان کە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئاینییەوە فەریزەی حەجییان جێبەجێ کرد، ئەمڕۆ بوونە حاجی.

رۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوە کرد، هیچ ئەرکێکی دیکەی ئایینی لەسەر کوردستانیان نەماوە و شەیتانیان بەرد باران کرد، ئێستا ئامادەن بۆ گەڕانەوە، دەشڵێت، ئەوانەی بە فڕۆکە خۆیان گەیاندووەتە سعوودیە، دەچنەوە شاری مەدینە و لەوێوە دەگەڕێنەوە فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی لەدوای ڕێککەوتی 25 بۆ 26ـی مانگ.

دەشڵێت، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کارووباری ئاینی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیەوە کرد و داوای ئاسانکاریی کرد بۆ ئەو حاجییانەی لەڕێگەی ڤیزای گەشتیارییەوە فەریزەی حەجییان جێبەجێ کرد، لەگەڵ ئەوانەی کە ون بوونە و مردوون و نەخۆشن، یاخود دەستگیر کراون، ئاماژەی بەوە کرد کە، رۆژانە وەزیری ئەوقاف دەربارەی ئەو کێشانە لەگەڵ وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە لەسەر هێلە، لەگەڵ ئەوەی پیشتر ڕێنمایی پێویست بە هاووڵاتییانی کوردستان درابوو.

دەستەی گشتیی ئاماری سعوودییە رایدەگەیەنێت زیاترلە ملیۆنێک و 800 هەزار حاجی بەشداری حەجی ئەمساڵیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە سەدا 60ـی حاجییان لە وڵاتانی ئاسایی، سەدا 22ـشیان لە وڵاتانی عەرەبییەوە هاتوون.

دەستەی گشتیی ئامار دەشڵێت، زۆرینەی حاجییان  لە رێگەی ئاسمانییەوه‌ هاتوون و 60 هه‌زار حاجیش لە رێگەی وشکانییەوە هاتوون.