فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی بەلەمێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەکات

وێنەی نقومبوونی بەلمێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا
وێنەی نقومبوونی بەلمێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا

K24 – هەولێر:

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی بەلەمێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەکات.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەداخەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی نغرۆبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بڵاوبووەوە.

هاوکات دەڵێت: لەنێو بەلەمەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هەبوونە، کە تا ئێستە ژمارەیەکیان ڕزگار کراون و چارەنووسی ژمارەکیشیان نادیارە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وێرای دەربڕینی هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە پەیوەندییان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کردووە و داوای هاوکاری و بەدواداچوونیان کردووە.