ڕێزان حەمەساڵح: تەرمی سێ کۆچبەری کوردی نێو بەلەمەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا دۆزراوەتەوە
K24 – هەولێر:
نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، دەڵێت: ئەوەی تا ئێستە زاندراوە، 4 سەرنشینی کوردی نێو بەلەمەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە و لاشەی سێیانیان دۆزراوەتەوە، هەروەها شەش کوردی دیکەش کە سەنشینی بەلەمەکە بوون ڕزگارکراون.
ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: لە یەکەم ساتی کارەساتی بەلەمەکە لەسەر هێڵ بووین، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی قوربانییان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنان دەکرێت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوە دا، ئەو کوردانەی سەرنشینی بەلەمەکە بوون ئەوەی زاندراوە تا ئێستە 4 کەس گیانیاین لەدەستداوە و لاشەی سێیانیان دۆزراوەتەوە، هەروەها شەش سەرنشینی کوردی دیکەش ڕزگارکراون و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیان.
ناوبراو دەڵێت: نازاندرێت چەند کەس سەرنشینی بەلەمەکە بوون، بەڵام زۆرینەیان عەرەبی سوورین، هەروەها سەرەتا ماتۆڕی بەلەمەکە گڕی گرتووە و بەمهۆیەوەش بەلەمەکە نقومبووە، ئێستە دادوەری ئیتاڵیا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەکە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سبەی دەڕۆینە ئەو شوێنەی کە کارەساتەکەی لێ ڕوویداوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە بکەین.
ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاوە و دەیان کۆچبەر کە بەشێکیان کوردن بێسەرو شوێنن.
میدیاکانی ئیتاڵیا ئاشکرایان کردووە، پۆلیسی وڵاتەکەیان تەرمی 10 کۆچبەری ناو بەلەمەکەیان دۆزیوەتەوە و چارەنووسی 60 کۆچبەری دیکەش هێشتا دیار نیە.