ئیتاڵیا.. بەدواداچوون بۆ قوربانییانی بەلەمەکەی کۆچبەران دەکرێت

کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی ئیتاڵیا
کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی ئیتاڵیا

K24 – ڕۆما:

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا لەگەڵ شاندی حکوومەتی وڵاتەکە بەدواداچوون بۆ بەلەمە نقومبووەکەی کۆچبەران دەکەن.

چوارشەممە (19ـی حوزەیرانی 2024) ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران کە زۆرینەی سەرنشینەکانی کورد بوون، لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەکرێت.

هاوکات ڕاشیگەیاند، بۆ ئەم مەبەستە ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا و شاندێکی یاوەری، لەگەڵ شاندی حکوومەتی وڵاتەکە کۆبوونەوە و پرسی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانیان تاوتوێ کرد.

ئاوارە هەورامی باسی لەوە کرد، حکوومەتی ئیتاڵیا بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەر دەبن بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی کۆچبەرانی کورد بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاش چەند کاتژمێرێکی دیکە سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن کە کۆچبەرە کوردە ڕزگاربووەکانی لێیە و پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیان پێ ڕادەگەیەنن.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.

مێدیاکانی ئیتاڵیا ئاشکرایان کردووە،  پۆلیسی وڵاتەکەیان  تەرمی 10کۆچبەری ناو بەلەمەکەیان دۆزیوەتەوە و چارەنووسی 60 کۆچبەری دیکەش هێشتا دیار نییە، ئەمە سەرباری ئەوەی، مێدیاکانی ئیتاڵیا ئاشکرایان نەکردووە، چەند لەو کۆچبەرانە ژن و منداڵن.