کەشناسیی عێراق بۆ هاووڵاتییان: ئاو زۆر بخۆنەوە و مەچنە بەرخۆر

هاووڵاتییەکی عێراقی لەبەر گەرمادا کاردەکات - وێنە: ئەرشیف
هاووڵاتییەکی عێراقی لەبەر گەرمادا کاردەکات - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند: لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق پلەی گەرما بۆ سەروو پەنجا پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە و هۆشداریشی دایە هاووڵاتییان ڕاستەوخۆ خۆیان نەدەنە بەر تیشکی خۆر  هۆکارەکانی خۆپارێزیی لە گەرما بەکاربهێنن.

ڕۆژی چوارشەممە (19ـی حوزەیرانی 2024) عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند: بەرزی پلەکانی گەرما بۆ کۆتایی ئەم هەفتەیەش بەردەوام دەبێت و سبەی پێنجشەممە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق، پلە گەرما لە سەروو 50 پلەی سیلیزی دەمێنێتەوە.

ئەو بەرپرسەی دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە: لەگەڵ ڕاگەیاندنی پلەکانی گەرما، چەند ڕێنماییەکیان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوەش کردووە: بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر لەو پلە گەرمییە بەرزەدا بەشێوەی ستوونی، دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پێست و کاریگەری تەندروستی دیکە جێ دەهێڵێت.

هاوکات دەستەی کەشناسیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کردووە: ئاوی زۆر بخۆنەوە و لە ماڵ بمێننەوە، بەتایبەتی لە کاتەکانی نیوەڕۆ و لە کاتی چوونە دەرەوەشدا، کڵاوی گونجاو، چاویلکەی تاریک و دژەخۆریش بۆ  دەست و دەموچاو بەکار بهێنن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی گەرمای بەتین ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە و لە زۆربەی پارێزگاکاندا، پلەی گەرما سەروو 50 پلەی سیلیزی تۆمار کردووە.