شۆڕش عەزیز: ئەمساڵ 800 کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا خنکاون

شۆڕش عەزیز سورمێ، ڕۆژنامەنووس
شۆڕش عەزیز سورمێ، ڕۆژنامەنووس

K24 – هەولێر:

ڕۆژنامەنووسێک ئاماژە بەوە دەکات، بەلەمەکە 70 سەرنشینی تێیدا بووە کە خۆی لە ڕاستیدا دەبوو ژمارەی سەرنشینانی زیاتر نەبێت لە 25 کەس. هاوکات دەڵێت: ئەو بەلەمانەی کە کۆچبەرانی پێ دەگوازرێنەوە زۆر کۆنن و هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە.

شۆڕش عەزیز سورمێ، ڕۆژنامەنووس، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 800 کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیتالیا خنکاون، ئەو بەلەمە چوار ڕۆژە بۆ گەشتن بە ئیتالیا بەڕێوە بووە، کاتێک نزیکی کەناری هەرێمی کەلابریای ئیتاڵیا کەوتووەتەوە هەستیان بەوە کردووە ماتۆڕی بەلەمەکە گڕی گرتووە و کە ئەمەش بووەتە هۆی نقومبوونی.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوە دا، قاچاخچییەکانی سەرنشینی بەلەمەکە، کاتێک زانیویانە بەلەمەکە نقووم دەبێت، بە بەلەمێکی تایبەتی خۆیان هەڵاتوون و ئەوانیان جێ هێشتووە.

هاوکات ئاشکرای کرد، بەلەمەکە 70 کەسی تێیدا بووە کە خۆی لە ڕاستیدا دەبوو ژمارەی سەرنشینانی زیاتر نەبێت لە 25 کەس، هەروەها ئەو بەلەمانەی کە کۆچبەرانی پێ دەگوازرێنەوە زۆر کۆنن و هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە.

شۆڕش عەزیز سورمێ، گوتی: 36 کورد سەرنشینی بەلەمەکە بوون، لەو ژمارەیەش 26ـیان منداڵ بوون، هەروەها گەڕان بە دوای تەرمی کۆچبەرەکان بەردەوامە.

گوتیشی: کاتێک بەلەمەکە نقوم بوو چەندین کەشتی گەشتیاریی بە نزیک بەلەمەکەدا تێ پەڕیوون، بەڵام ئامادەنەبوون یارمەتی سەرنشینەکانی بەلەمە نقومبووەکە بدەن، هەروەها سیاسەتی وڵاتانی ئەورووپا بەرانبەر کۆچبەران زۆر توندە.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.