کەمال موسلیم: بەغدا 26 ملیار دیناری بۆ گەنمی جووتیاران ڕەوانە کردووە

"ئەمساڵ بەرهەمی جۆ زۆر کەم بووە، چونکە جووتیاران زیاتر پەنا بۆ چاندنی گەنم دەبەن"
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران بە گشتیی باش بووە و تا ئیستە 133 هەزار و 260 تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند: ئەم ساڵ لە 6ـی ئەم مانگە دەستمان بە وەرگرتنی گەنم کردووە  و تا ئێستە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ساڵانە تا نزیکەی 40 بۆ 45 ڕۆژ دەرگای سایلۆکان واڵا دەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران بێن و گەنمەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر بینیمان پێویست دەکات، وادەی گەنم وەرگرتن درێژ دەکەینەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، تا دوێنێ 133 هەزار و 260 تۆن گەنم لە هەموو هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، لە پارێزگای سلێمانی 50 هەزار 80 تۆن گەنم وەرگیراوە، لە پارێزگای دهۆک 47 هەزار و 650 تۆن وەرگیراوە. هەولێر 34 هەزار و 730 تۆن وەرگیراوە.

باسی لەوە کرد، بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران بە گشتیی باش بووە، گەنم دەبێت چەند تایبەتمەندێکی هەبێت، ئینجا لە سایلۆکان وەردەگیرێت. ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت وەرناگیرێت و ڕەت دەکرێتەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پێوەرەکان بۆ وەرگرتنی گەنم، دەبێت گەنمەکە هی ئەمساڵ بێت و مێروو لێی نەدابێت.

لەبارەی وەرگرتنی هەموو گەنمی جووتیاران، کەمال موسلیم، گوتی: ئەگەر بینیمان بەرهەمی گەنمی جووتیاران زۆر زیاتر بوو لەو ڕێژەی کە بۆیان دیاری کراوە ئەو کات بڕیار دەدرێت کە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە گەنمەکانیان لێ وەربگیرێت.

جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناهێڵین جووتیاران زیان بکەن و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، هەروەها ئەم ساڵ بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن بتوانین گەنمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە بکەین.

لەبارەی گەشتنی پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، کەمال موسلیم ڕایگەیاند، تا ئێستە 2 قۆناغ لە پارەی جووتیاران بۆ هەرێم کوردستان نێردراوە، قۆناغێکیان شەش ملیار دینارە، سێ ملیار بۆ سلێمانی، ملیارێک و نیو بۆ هەولێر و ملیارێک و نیوی دیکەش بۆ دهۆک، قۆناغی دووەم 20 ملیار دینار نێدراوە، 10 ملیار بۆ سلێمانی، 6 ملیار بۆ هەولێر و 4 دیکەش بۆ دهۆک.

گوتیشی: پارەی قۆناغی یەکەم دابەش کراوە، لە دوای جەژنیشیش هەوڵ دەدەین ڕێکارەکان تەواو بکەین تە بەم زووانە دەست بکەین بە دابەشکردنی بڕە پارەی قۆناغی دووەم.

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گەنمەی کە هەیە دەتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە، ئێمە بۆ هەر 12 مانگەکەی ساڵ کۆی گشتی پێوستمان 740 هەزار تۆن گەنم هەیە.

لەبارەی بەرهەمهێنانی جۆوە، ناوبراو دەڵیت: ئەمساڵ بەرهەمی جۆ زۆر کەم بووە، چونکە جووتیاران زیاتر پەنا بۆ چاندنی گەنم دەبەن چونکە داهاتەکەی زیاترە.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەڵێن بە جووتیاران دەدات کە زۆترین کار ئاسانیان بۆ بکەن و ناهێڵن زیان بکەن، هەروەها جگە لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەنمی هیچ کەسێکی دیکە وەرناگرن.