حکوومەتی هەرێم بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕووداوی تێکشکانی بەلەمەکە تیمێک ڕەوانەی ئیتاڵیا دەکات

ئەو بەلەمەی لە ئاوی ئیتاڵیا تێکشکا
ئەو بەلەمەی لە ئاوی ئیتاڵیا تێکشکا

K24 – هەولێر:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕووداوی تێکشکانی بەلەمەکەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، تیمێکی ڕەوانەی وڵاتەکە کرد.

چوارشەممە (19ـی حوزەیرانی 2024) دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداریی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێک هات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخ و ئاکامی نقومبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکات، ئەمڕۆش تیمێک ڕەوانەی ئیتاڵیا کرا.

لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاتووە، ئامانج لە ناردنی ئەم تیمە بۆ ئیتاڵیا بۆ هەماهەنگییە لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لەو وڵاتە، تا پەیوەندیی بە دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیاوە بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە بکەن.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دەڵێت: کەسوکاری قوربانییان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قوربانییان، هاوکات ئامادەی هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەکین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.