شەپۆلێکی گەرمای بەتین لە گۆی زەوی دەدات
K24 - هەولێر:
پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی بەرچاوی لە ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهان تۆمارکردووە، لە کاتێکدا پسپۆڕان هۆشدارییان دا لەوەی پیسبوونی کاربۆنی کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی بۆ ئاستێکی مەترسیدار.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کەس، بەتایبەتی لە سعوودیە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی حەجدا، کە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمارکرد و زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدا.
هاوکات پلەکانی گەرما لە هەندێک لە پارێزگاکانی میسر گەیشتە ئاستێک کە بەپێی پێوانە نێودەوڵەتییەکان لەنێو بەرزترینەکاندا پۆلێن دەکرێن، کە لە هەندێک شاری ئەو وڵاتە، زیاتر لە 50 پلەی سیلیزی تۆمارکردووە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەندێک لە پارێزگاکانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی سوودان و میسر، بووتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لەو سوودانییانەی کە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلە کراوەکانەوە بە قاچاخ بچنە نێو خاکی میسرەوە و میدیا سوودانییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە: کە 50 سوودانی لەو ڕێگەیە گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەن خۆیەوە، دەستەی کەشناسی میسر ڕایگەیاند: شەپۆلێکی گەرمای بەتین زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەی گرتووەتەوە وتاوەکوو یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە: پێشتر تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاست لە 2023، لەگەڵ ئەوەشدا، زانایان پێشبینی دەکەن ساڵی 2024 هێندەی دیکە گەرمتر بێت.
ئاژانس فرانس پرێس ڕایگەیاندووە: ڕۆژی سێشەممە، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا هۆشدارییان دا لە شەپۆلێکی گەرما کە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕەنگە پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکات.
لە چین، میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردووە: ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە بەرزترین پلەکانی گەرمایان لەمساڵدا بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا زیاتر لە چوار کەس بەهۆی کەشوهەوای باراناوی لەنێو بەرزی پلەکانی گەرما گیانیان لەدەستداوە.
کەشناسی چین پێشبینی کردووە پلەکانی گەرما لە پەکینی پایتەخت و ناوچەکانی دیکە بگاتە سەروو 39 پلەی سیلیزی و کەشوهەوای ئەو وڵاتە گۆڕانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا پلەکانی گەرمای زەریاکان گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەمەش بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ساڵی ڕابردووەوە دووپاتکردەوە، بەو پێیەی پلەکانی گەرما بە جیاوازییەکی زۆر لە ژمارە پێوانەییەکانی پێشووتریان تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس کە دامەزراوەیەکی توێژینەوەیە و لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە پشتگیری دارایی دەکرێت، تێکڕای پلەی گەرمی ڕووی دەریا لەسەر ئاستی جیهاندا لە مانگی ئاداری ڕابردوودا گەیشتە پێوانەیەکی نوێ کە 21.07 پلەی سیلیزییە.
هەروەها لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە، هیندستان پلەی گەرمی پێوانەیی تۆمارکردووە کە لە 50 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە، بەهۆیەوە زیاتر لە 9 کەس گیانیان لەدەستداوە، لە بەشێک لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.
ڕۆژی سێشەممە حکوومەتی هیندستان ڕایگەیاند: شەپۆلی گەرمای بەتین لە باکووری وڵاتەکەی خواستی لەسەر بەکارهێنانی وزەی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە، هاوکات دانیشتووانی نیودەلهی پایتەختیش بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن.