شادان عەبدولکەریم: کۆچی نایاسایی زۆرترین مەترسی تێدایە

شادان عەبدولکەریم، سەرۆکی ڕێکخراوی سۆرک
شادان عەبدولکەریم، سەرۆکی ڕێکخراوی سۆرک

سەرۆکی ڕێکخراوی سۆرک ڕایگەیاند، کۆچ لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، مافی سەرەتایی هەموو تاکێکە، بەڵام کۆچی نایاسایی زۆرترین مەترسی تێدایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2024، شادان عەبدولکەریم، سەرۆکی ڕێکخراوی سۆرک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆچ لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، مافی سەرەتایی هەر تاکێکە بەهەر هۆکارێک بێت، مافێکی یاسایی خۆیەتی کە هەر وڵاتێک بیەوێت هەڵبژێرێت بۆ ژیان.

بە گوتەی ئەو سەرۆکی ڕێکخراوە، "زۆرکەس وڵاتێکی دیکە هەڵدەبژێرت بۆ ژیان بەهەر هۆکارێک بێت جا خویندن بێت یاخود کار کردن یان هۆکاری ژینگەیی، بەڵام من بەبڕاوی خۆم هەر تاکێک خوای گەورە بۆ ئەو شوێنەی دروستک کردووە کە تێیدا دەگونجێت، وەکو ژینگەی ڕاستەقینەی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانی بڵەی کۆچ هەڵەیە، چونکە مافێکی یاسایی هەر مرۆڤێکە، بەڵام کۆچی نایاسایی زۆرترین مەترسی تێدایە ".

سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە دەڵێت، "زۆرکەس دوای ساڵانێکی زۆر لەوێ لە دایکبووە، بەڵام دواتر دەگەڕێتەوە وڵاتی دایکی خۆی، چونکە مرۆڤ کاتێک کۆچ دەکات باکگراوندێکی هەیە، لە پەروەردە، بیروباوەڕ، لە ڕابردوو کە تۆی کردووە بەو مرۆڤە لە هەر تەمەنێک بێت، ئەگەر منداڵیش بێت پەروەردەی دایک و باوک هەیە، کە کۆچ دەکەی کولتوورێکی نامۆ، سیستەمێکی نامۆ بەتەواوی تۆ دادەبڕێنێ لە ولاتەکەی خۆت".

شادان عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوەدا، کاتێک ویستمان بگەڕێنەوە، پێمان شەرم بوو هەموو شتێک دەستەبەر کرابێت بۆ هاونیشتمانیان، گوتمان دەبێت کاتێک بگەڕێنەوە ئێمەش بەشێک بین لە دروستبوونی وڵاتەکەمان.