ڕزگاربوویەکی یەختەکەی ئیتاڵیا: قاچاخچیەکە بە ئەنقەست یەختەکەی شکاند

مێرد منداڵێک بەناوی "میران عەبدولقادر" کە یەکێکە لە ڕزگاربووانی یەختە نقوم بووەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا قسە بۆ کوردستان24 دەکات و دەڵێت، ئێمە لەگەڵ ماڵی پوورم 11 کەس بووین لەو یەختەدا تەنیا سێ کەسمان ڕزگارمان بووە.

میران عەبدولقادر، باسی لەوەش کرد، تەنیا خێزانی ئێمە شەش کەس بووین بە ماڵی پورمەوە 11 کەسبووین، کە لەو 11 کەسە تەنیا من و دایکم و کچە پوورێکم ماینەوە، ئەوانی دیکە هەموویان لە برسان گیانیان سپارد.

میران کە دانیشتووی هەولێرە باسی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت، "قاچاخچییەکە بەئەنقەست وایکرد، ئێمە کاتێک لەسەرەوەی یەختەکە بووین، ئەو چووە خوارەوە یەختەکەی تەقاند و کونی کرد، دواتر پەروانەکەی شکاند".

میران ئاماژەی بەوەش دا، "قاچاخچییەکە ویستی هەڵبێت بەڵام نەمانهێشت، دواتر ئاومان لە یەختەکەدا فڕێدا، پاشان وەرگەڕا، دواتر کە چووینە سەرەوە ڕاست بوویەوە و بەشەپۆڵی ئاو دەڕۆیشت، دەشڵێ، 10 ڕۆژ لەناو ئاودا بووین، خێزانەکەمان هەموویان لە بەر بێ نان و ئاویدا مردن."

لە 17ـی ئەم مانگە مێدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا نقوم بووە و بەشێکی زۆریان بێ سەروشوێن بوون کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشی تێدابوو، ئەو کۆچبەرانە ویستوویانە بپەڕنەوە بۆ ئیتاڵیا.

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیتالیای  و نەخۆشخانەی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا بەدواداچوون دەکەن بۆ دۆزینەوەی تەرمی بزربووەکان.

شاندی حکوومەتی هەرێم دووپاتی کردووەتەوە: هاوکاریی گەڕانەوەی ڕزگاربووەکان دەکەن ئەگەر خۆیان بیانەوێت، هەروەها هەموو ئاسانکارییەک دەکەن لەگەڵ حکوومەتی ئیتالیا بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان بۆ زێدی خۆیان.

ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات.