ڕزگاربوویەکی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا: ماوەی چوار ڕۆژ بێ ئاو و خواردن ماینەوە
K24 – ڕۆما:
ڕزگاربوویەکی دیکەی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی: 76 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بوون و ماوەی چوار ڕۆژ بێ ئاو و خواردن ماینەوە.
ڕۆیا، یەکێکە لە ڕزگاربووانی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتێ کە بەلەمەکە کوون بوو سەرنشینەکان هەوڵیاندا ئاوی نێو بەلەمەکە نەهێڵن، بەڵام هەوڵەکانیان بێسوود بوو، دوای نزیکەی 10 خولەک بەلەمەکە نقومبوو و زۆرینەی سەرنشینانیش کەوتنە نێو ئاو.
ئەو ڕزگاربووە ئاماژەی بەوە دا، دوای نزیکەی نیو کاتژمێر کەشتییەکە سەر ئاو کەوتەوە و زۆریش داوای هاوکاریمان کرد، بەڵام کەس بە هانامانەوە نەهات و، ماوەی چوار ڕۆژ بێ ئاو و خواردن ماینەوە.
هاوکات گوتی: ئەو کەسانەی کە لەنێو بەلەمەکەدا مابوونەوە لە ماوەی چوار ڕۆژدا تووشی کێشەی دەروونی ببوون، بەشێکیان لە تێنوێتی و لەبرسا نەیانتوانی بەرگە بگرن، بۆیە ڕۆژ بەر ڕۆژ ژمارەمان کەمدەبوویەوە.
ڕۆیا، باسی لەوە کرد، سەرەتا ئێمە 76 سەرنشین بووین لەنێو بەلەمەکە، لەو ژمارەیەش 27ـیان منداڵ و ئافرەت بوون، هەروەها زۆرینەی سەرنشینەکان کورد بوون.
ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، مێدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن، چارەنووسیان نادیارە.
ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات.