شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی دادوەرانی ئیتاڵیا کۆبووەوە

کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی دادوەرانی ئیتاڵیا
کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی دادوەرانی ئیتاڵیا

K24 – لۆکرێ:

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی زانینی ڕاستی رووداوی نقومبوون بەلەمەکە و چارەنووسی ئەو کۆچبەرانی کە تا ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزارەوەتەوە، لەگەڵ دەستەی دادوەرانی ئیتاڵیا کۆبووەوە.

ئاوارە هەورامی، نێردراوی کوردستان24 بۆ ئیتاڵیا ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی دادوەرانی ئیتاڵیا، ئەو زانیارییەم پێگەیشت کە تەرمی شەش کۆچبەری دیکە دۆزراوەتەوە.

باسی لەوەکرد، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستێتی بزانێت ژمارەی سەرنشینانی بەلەمەکە چەند بووە، هەورەها مەبەستێتی ئەو تەرمانەش بدۆزرێنەوە کە هێشتا لەنێو ئاودا ماونەتەوە.

نێردراوی کوردستان24 بۆ ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوە دا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون دەکات تا بزانێت ڕاستی ڕووداوەکە چۆن بووە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەکە گەیشتوون بە چ قۆناغێک، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە حکوومەتی ئیتاڵیا هاوکار بێت لە دۆزینەوەی تەرمی ئەوانەی هێشتا لەنێو ئاودا ماونەتەوە.

چوارشەممە (19ـی حوزەیرانی 2024) دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداریی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێک هات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخ و ئاکامی نقومبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکات، هاوکات تیمێکیش ڕەوانەی ئیتاڵیا کرا.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەروشوێنن.