بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕێجیۆ: دۆخی تەندروستی پەنابەرە ڕزگاربووەکان باشە

جانلویجی سکافیلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رێجیۆ
جانلویجی سکافیلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رێجیۆ

K24 – ڕێجۆ کالابریا:

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕێجیۆی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، دۆخی تەندروستی پەنابەرەکان باشە و بەرەو باشتریش دەچن.

جانلویجی سکافیلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رێجیۆ، ئەو نەخۆشخانەیەی ڕزگاربووانی بەلەمە نقومبووەکەی تێدان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دۆخی تەندروستی نەخۆشەکان باشە و بەرەو باشتریش دەچن.

هاوکات ڕاشیگەیاند، ڕووداوی نقومبوونی بەلەمەکە و گیانلەدەستدانی دەیان کەس کاریگەری لەسەر هەست و سۆزیان دروستکردووە، هەربۆیە چی پێویست بێت بۆ نەخۆشەکان کردوویانە. ناوبراو دەڵێت: "ڕووداوەکە زۆر تراژیدی بوو بەڕاستی".

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، مێدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن، چارەنووسیان نادیارە.

ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات.