پێشەوا هەورامانی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێویست بێت بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کۆچبەرەکانی ئیتاڵیا دەیکات

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپاردووە، هەرچی زووە بۆ یارمەتیدانی کۆچبەرە ڕزگاربووەکان و گەڕاندنەوەی تەرمی کۆچبەرە کوردەکانی ئیتاڵیا ئەنجامی بدەن.

ڕۆژی پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دۆسیەی ئەو کۆچبەرانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، یەختەکەیان نوقمبوو، بۆتە کەیسێکی یاسایی و حکوومەتی ئیتاڵیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئێستا تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتەن.

پێشەوا هەورامانی گوتیشی: بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییەکان، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگیرێتەبەر لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکرێت و ئەمەش چەند ڕۆژێکی پێویستە تاوەکوو دۆسیەکانیان لە دادگای ئیتاڵیا یەکلایی دەبێتەوە.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: تیمەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا سەردانی نەخۆشخانە و دادگایان کردووە و ئەوانەشیان بینیوە کە لە ڕووداوەکە ڕزگاربوون کە ژمارەیان 11 کەسە و لەوانەش حەوتیان کوردن. لەبارەی ژمارەی قوربانییەکانیشەوە، پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا ژمارەیان 20 کەسە لەوانەش، شەش پیاو، شەش ئافرەت و هەشت منداڵن.

پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات و هەرچی پێویست بێت لەو کەیسەدا ئەنجامی دەدات کە بەهۆی تەماحی ژمارەیەک قاچاخچی، ڕۆحی ژمارەیەک هاووڵاتی بوونە قوربانی.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، یەختێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.

ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیان ئەنجام بدات.