لە چوار ساڵدا 17 هەزار کۆچبەر خنکاون

K24 – هەولێر:

بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چوار ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 17 هەزار پەنابەر خنکاون، یاخود لەرێگەدا مردوون هۆکاری سەرەکیش تۆڕەکانی قاچاخچێتی بووە بە پەنابەران. لەسەرئاستی نێودەوڵەتیش وڵاتانی جیهان هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییانی پەنابەران چڕکردووەتەوە، چونکە جگەلەوەی ژیانی پەنابەران دەخەنە مەترسییەوە هۆکارێکیشن بۆ تێکچوونی دۆخی ئەو وڵاتانەی پەنابەرەکانیان بۆ دەبەن.

قاچاخچییەکان، قومارچییەکانی مەرگی پەنابەران، ئەو کەسانەی لەپێناو دەستکەوتی ماددی قومار بە چارەنووسی پانەبەران دەکەن و دەیانبەنە سنوورەکانی مەرگ، قاچاخچێتی بە مرۆڤ بووەتە دیاردەیەکی گەردوونی، لەسەرانسەری جیهاندا ئەم کەسانە بە بەڵێنی داهاتوویەکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر، پەنابەران لە رێگەی سەخت و پڕ مەترسییەکان دەدەن، هۆکارێکی سەرەکین بۆ مەرگی زۆرینەی ئەو کەسانەی لەرێگەی نایاساییەوە دەیانەوێت بگەنە وڵاتی دووەم و سێیەم.

بەپێی ڕەشنووسی نەتەوەیەکگرتووەکانی ساڵی 2000، دەربازکردنی مرۆڤ بەشێوەی نایاسایی لە سنوورەکانەوە جا چ لە ڕێگەی دەریایی، ئاسمانی و وشکانی قەدەغەکراوە، لە هەندێک دۆخدا قاچاخچییەکان وەک بازرگانی مرۆڤ لەقەڵەم دەدرێن. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، قاچاخچییەکان ساڵانەی نزیکەی شەش ملیار دۆلاریان دەستەکەوێت، لەگەڵ دەستکەوتی ماددی قاچاخچییەکان گرنگی بە ژیانی پەنابەران نادەن، هەربۆیە لەرێگەی گەیشتن بە وڵاتانی دیکە زۆرینەی جارەکان پەنابەران دەخنکێن، نەخۆش دەکەون و دەمرن، رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن خودی قاجاخچییەکانەوە، هەندێک جاریش بەبێ ئاگاداری پەنابەرەکان چەند جارێک دەفرۆشرێن.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تەنها لەچوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 17 هەزار پەنابەری نایاسایی گیانیان لەدەستداوە، کە لەزۆرینەی دۆخەکاندا قاچاخچییەکان بەتۆمەتباری یەکەم دێنە ئەژمار، قاچاخچییەکان لەزۆرینەی کیشوەرەکان تۆڕی گەورەیان هەیە و  ئەو تۆڕانە جگە لە بازرگانی بە مرۆڤ کاری نایاسایی دیکەی وەک بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و بازرگانی سێکسیش دەکەن.

لەسەرئاستی جیهان وڵاتان بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی تۆڕی قاچاخچییەکان و سزادانیان، ئەوان  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رێگەی ئۆنڵاین بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەنجان و خەڵک بەکاردەهێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنیان، لەوبارەیەوە حکوومەتی تورکیا ئاماری ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییەکانی لەمساڵدا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوەدەکات، لەمساڵدا پێنج هەزار قاچاخچیان دەستگیرکردووە، کە ئەم ڕێژەیە بەراورد بەساڵی رابردوو زیادیکردووە.