پەیامنێری کوردستان24: تا ئێستا تەرمی 35 کۆچبەری یەختەکەی ئیتاڵیا دۆزراونەتەوە

وێنەی نقومبوونی بەلمێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا
وێنەی نقومبوونی بەلمێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا

K24 – هەولێر:

نێردراوی کوردستان24 ڕایگەیاند: دوای دۆزینەوەی تەرمی ژمارەیەک کۆچبەری دیکە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، ژمارەی کۆچبەرانی یەختە نوقمبووەکە کە تاوەکوو ئێستا دۆزراوەنتەوە، گەیشتە 35 کەس.

ئاوارە هەورامی، نێردراوی کوردستان24 کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نوقمبوونی یەختێکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا، گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕووماڵی دەکات، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ژمارەیەک تەرمی دیکەی کۆچبەران دۆزراونەوە.

پێشتر نێردراوی کوردستان24 بۆ ئیتاڵیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی ژمارەیەک کۆچبەری دیکەش دۆزراونەتەوە، بەڵام ناسنامەی قوربانییەکان دیار نییە و لە ڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) تەرمەکان دەناسرێنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ژمارەی سەرنشینانی یەختەکە بەگوتەی شایەتحاڵەکان 76 کەس بووە و 11 کەسیش ڕزگاریان بووە کە حەوتیان کوردن و دوای دۆزینەوەی تەرمی 35 کۆچبەر، تاوەکوو ئێستا چارەنووسی 30 کۆچبەری دیکە بێسەروشوێنن.

ڕۆژی پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دۆسیەی ئەو کۆچبەرانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، یەختەکەیان نوقمبوو، بۆتە کەیسێکی یاسایی و حکوومەتی ئیتاڵیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئێستا تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتەن.

پێشەوا هەورامانی گوتیشی: بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییەکان، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگیرێتەبەر لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکرێت و ئەمەش چەند ڕۆژێکی پێویستە تاوەکوو دۆسیەکانیان لە دادگای ئیتاڵیا یەکلایی دەبێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، یەختێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.

ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیان ئەنجام بدات.