عێراق ساڵانە ڕووبەڕێکی فراوانی زەوییەکەی لەدەست دەدات
K24 - هەولێر:
لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا و گرنگی نەدانی حکوومەت و هاووڵاتییان بە زیادکردنی سەوزایی و چاندنی درەخت، ڕووبەری سەوزایی لە عێراقدا لە 50% بۆ 17% کەمبووەتەوە.
فراوانبوونی شارەکان بووەتە هۆی نەمانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕینی بۆ شوێنی بازرگانی و نیشتەجێبوون، کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە و پیسبوونی هەوا لە عێراقدا دروست کردووە و ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە هەیە و دیاردەی بەبیابانبوونیش زیادی کردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی بەبیابانبوون، عێراق پێویستی بە چاندنی 15 ملیار نەمام هەیە تاوەکوو بتوانێت دارستانەکان و ناوچەکان سەوز بکات تاوەکوو کاریگەریشی لەسەر پاکبوونەوەی هەوا و نەهێشتنی پاشماوە گازە زیانبەخشەکان هەبێت.
لە ڕاپرسییەکی کۆمپانیاییەکی سویسری کە لە بواری پاککردنەوەی هەوادا کاردەکات، عێراق لەسەر ئاستی جیهاندا، لە پلەی دووەمی پیسترین وڵاتەکاندایە و بەغداش لەسەر ئاستی جیهاندا لە پلەی 13ـەیەمدابووە لە ساڵی 2022، وەک پیسترین شاری جیهان لە ڕووی ژینگەییەوە.
هەروەها بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کاریگەرییەکی زۆری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر بووە و لەسەر ئاستی جیهاندا لە ڕیزبەندی پێنجەم دێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەست دەدات بەهۆی بیابانبوون و قەیرانی ئاویش بووەتە هۆی ئەوەی بەڕێژەی 50% زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناوبچن.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە: ئێستا ڕووبەری دارستانەکانی عێراق تەنیا هەشت هەزار و 250 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ئەمەش دەکاتە تەنیا ڕێژەی 2%ـی کۆی ڕووبەری هەموو عێراق.
بەغدا وەک پایتەخت و چەقی جموجۆڵی بازرگانی و نیشتەجێبوون، ڕووبەڕووی گەورەترین کێشەی ژینگەیی بووەتەوە، ئەویش بەهۆی بەردەوامی زیادەڕۆییەکان بۆ سەر شوێنە سەوزاییەکان و گۆڕینی بۆ باڵەخانە و شوێنی بازرگانی و نیشتەجێبوون، ئەمەش وایکردووە، فشاری زۆر لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق دروست بێت بۆ ڕاگرتنی دروستکردنی باڵەخانە و دەستدرێژی بۆ کەمکردنەوەی زیاتری ڕووبەری سەوزایی کە شارەکەی بەرەو خنکاندن بردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی ئەیلوولی 2023، شارەوانی بەغدا پلانی سەوزکردنی پایتەختی ڕاگەیاند، کە بریتییە لە دروستکردنی (108) باخچە و چاندنی زیاتر لە پێنج ملیۆن و 375 هەزار نەمام و درەخت لەپێناو زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە بەغدا.
لەلایەن خۆیەوە، ڕێکخراوی ڕوانگەی عێراقی سەوز ئاماژەی بەوەکردووە: ڕووبەری سەوزایی لە 50% بۆ 17% کەمبووەتەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، دیارترینیان کەمی ئاو، گرنگینەدانی هاووڵاتییان بە چاندن، بەرزی پلەکانی گەرما و دابین نەکردنی شوێنی سەوزایی لەلایەن هاووڵاتییان و حکوومەتەوە.