تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە بەکارهێنانی دەرزییەکی ساختەی دابەزاندنی کێش دەدات

دەرزی ئۆزەمپیک
دەرزی ئۆزەمپیک

K24 – هەولێر:

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە لەوەی کە دەرزی ساختەی "ئۆزەمپیک" بۆ دابەزاندنی کێش کوشندەیە و  تاوەکوو ئێستا لە وڵاتەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا و بەرازیل دۆزراوەتەوە.

ڕۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە: بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشدارییەکی سەلامەتییان دەرکردووە سەبارەت بە دەرزی ساختەی ئۆزەمپیک، کە ئەگەری هەیە مەترسی لەسەر ژیانی بەکارهێنەران هەبێت و بگاتە حاڵەتی مردن.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای لە بەکارهێنەران و پزیشکەکان کردووە ئاگاداری جۆری ساختەی ئەو دەرمانەی دابەزاندنی کێش بن و ئاشکرای کردووە، ئەو دەرزییە ساختەیە تاوەکوو ئێستا لە بەریتانیا، ئەمەریکا و بەرازیل دۆزراوەتەوە.

ئەو ڕێکخراوە جیهانییە داواشی کردووە، بەکارهێنەران و پزیشکان بەدوای هێما جیاکەرەوەکانی دەرزی ساختە لە دەرزی ڕاستەقینە بگەڕێن و گرنگی زیاتر بدەن بە وردبینی لە پێدانی ئەو جۆرە دەرزییە و دەرزییەکانی دیکەی دابەزاندنی کێش. ئاماژەی بەوەشکردووە: زۆرجار بە گەڕان بەدوای هەڵە نووسینی ناوەکان لەسەر سندووقەکان دەکرێت، دەرمانی ساختە بناسرێتەوە.

هەروەها ڕۆژنامە بەریتانییەکە ڕوونی کردووەتەوە: دەرزی ئۆزەمپیک، ناوی بازرگانی دەرمانی سێماگلۆتایدە، کە لەم دواییانەدا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە بەهۆی توانای دابەزاندنی کێشی جەستە بەشێوەیەکی بەرچاو کە کەمترین کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.