ماجید شنگالی: پەکەکە و گرووپە چەکدارەکان ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان

ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری عێراق
ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند، ئەجێندایەکی سیاسی لە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ داخستن و نەهێشتنی کەمپی ئاوارەکان هەیە، چونکە هەموو لایەک دەزانن کە ئاسایش و ئارامی لە زێدی ئاوارەکاندا نییە.

ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: ئاستەنگێکی دیکە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی شنگال هەبوونی ژمارەیەکی زۆر گرووپی چەکداری نایاساییە، کە بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، بەتایبەتی پەکەکە کە بووەتە بەهانەیەک بۆ ئەوەی تورکیا هێرش بکاتە سەر چەندین ناوچەی سنووریی.

شنگالی، باسی لەوەش کرد، ئەجێندایەکی سیاسی لە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ داخستن و نەهێشتنی کەمپی ئاوارەکان هەیە.

هاوکات گوتیشی: چونکە هەموو لایەک دەزانن کە ئاسایش و ئارامی لە زێدی ئاوارەکان نییە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بەتایبەتی لە سنووری شنگال، کە هیچ کار و ژینگەیەک بۆ ژیانکردنی تێدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024) سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو،  نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا ماون، کە 700 هەزاریان ئاوارەی عێراقن، هەتاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جیددی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نەناوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردبوو،  حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە، هەروەها هەموو هەوڵێکیشی داوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان تا گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچەکانیان دروست نەبێت.

لەبارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە گوتبووی: هیچ هەنگاوێکی جددیمان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق نەدیوە بۆ مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، وەزارەتەکە مەبەستێتی ببێتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانیان کە ئەوە بابەتێکی مەترسیدارە.