سەرچاوە عێراقییەکان: گرووپە چەکدارەکان لە سنووری سووریا بۆردومان کران

ساتی هێرشەکە - وێنە: میدیاکان
ساتی هێرشەکە - وێنە: میدیاکان

K24 – هەولێر:

چەند سەرچاوەیەکی عێراق ئاشکرایان کرد: بارەگای گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سنووری سووریا بۆردومان کران.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەمشەو هەینی (21ـی حوزەیرانی 2024) بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی خاکی سووریا، ڕووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بوونەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە: لەو هێرشەدا دوو فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان کردووە لە بۆردومانکردنی بارەگاکانی ئەو گرووپە چەکدارانە لە ناوچەکانی ئەلبوکەمال، بادیە ئەلحەمدان و سەکەرییە کە دەکەونە ناو خاکی سووریاوە.

هاوکات تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو هێرشە ئاشکرا نەکراوە و هیچ گرووپێکی چەکداریش هەواڵی بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

هاوکات میدیا سوورییەکان بڵاویان کردووەتەوە: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بارهەڵگرێکی لە نزیک شارۆچکەی عەشائری ناوچەی ئەلبوکەمال لە نزیک سنووری عێراق، کردووەتە ئامانج بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی هێرشەکەوە ئاشکرا بکەن.