سەرۆکی پێشووی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا: ئەگەر پێویست بوو دەبێت پۆلیس چەک لەدژی کۆچبەران بەکاربهێنێت
تا دێت پارتە ڕاستڕەوەکان له كیشوهری ئەورووپا بەهێزتر دەبن و بە بەکارهێنانی قەیرانی کۆچبەران توانیویانە ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا زیاتر بکەن.
پێشتر چەندان جار سەرکردەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و پارتە ڕاستڕەوەکان، گوتاری توندوتیژیان بەکارهێناوە و داوایان کردووە چەک لەدژی کۆچبەران بەکاربهێندرێت و دەشڵێن، "ئەو کۆچبەرانە نەخۆشی لەگەڵ خۆیان دەهێنن".
پارتە ڕاستڕەوەکانی ئەورووپا بە بەکارهێنانی دۆسیەی کۆچبەران بنکەی جەماوەرییان فراوانتر دەبێت، هاتنی کۆچبەرانیان کردووەتە پاساو بۆ زیادبوونی تێچووی ژیان، گرانبوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون و سیستەمی تەندروستی، ئەمەش وایکردووە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ژمارەی کورسییەکانیان زیاد بکات.
سەرکردەکانی ئەو پارتە ڕاستڕەوانە چەندان جار بە ئاشکرا گوتاری توندیان لەدژی کۆچبەران بەکارهێناوە، یەکێک لەوان ماری لوپێن، سەرکردەی بەرەی نیشتمانی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی فەرەنسایە و پێشتر گووتویەتی، لێشاوی هاتنی کۆچبەران هاوشێوەی داگیرکاریی وەحشیگەرەکانە بۆ وڵاتەکەمان.
یارۆسواڤ کەچینزکی، سەرکردەی پارتی یاسا و دادپەروەی پۆڵەندا دەڵێت، "کۆچبەران لەگەڵ خۆیان کۆلێرا و زیندەوەرە مشەخۆرەکانیان هێناوەتە ئەورووپا".
لای خۆیەوە فراوکە پێتری، سەرۆکی پێشووی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێویست بوو دەبێت پۆلیس چەک لەدژی کۆچبەران بەکاربهێنێت.
ئەندرێ دودە، سەرۆکی پۆڵەنداش دەڵێت، "سەلامەتی هاووڵاتییان گرنگترە و کۆچبەران نەخۆشی لەگەڵ خۆیان دەهێنن".
هەروەها ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا گووتویەتی، "کۆچبەران هەڕەشەن بۆ سەروەری و ناسنامی کولتووری وڵاتەکەی".
نادین مۆرانۆ. ئەندام پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا لەسەر پشکی پارتی ڕاستڕوی کۆمارییەکانی فەرەنسا ڕایگەیاند، فەرەنسا وڵاتی کریستیان و جوو و سپی پێستەکانە، هەر کەسێک خۆی لەگەڵ نەگونجێنێت دەتوانێت جێیبهێڵێت