قەشەیەکی ئیتاڵی ڕەخنە لە بڕیارێکی وڵاتەکەی دەگرێت
قەشەیەکی ئیتاڵی بە ناوی "جیانکارلۆ پێرێگۆ" ئیدانەی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی کرد، بۆ دەرکردنی ئەو کرێکارانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن کە داهاتیان لە شەش هەزار یۆرۆ زیاترە.
قەشە جیانکارلۆ پێرێگۆ، گوتی: بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەشتیاری و چالاکیی کشتوکاڵی دێت، کە بە بەرپرسانی پۆلیس گەیەندراوە و هەندێک لە ئیدارەکانی پارێزگاکان دەستیان کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی کرێکارانی پەنابەر، تەنانەت ئەوانەی داهاتیان دەگاتە 10 هەزار یۆرۆ.
ئاماژەی بەوەش کرد، دۆزینەوەی خانوو و ماڵ ژیانکردن بۆیان ئەستەمە، لەگەڵ ئەوەش مەترسی قوربانی بوونیان لەسەرە.
قەشەکە باسی لەوەش کرد، "هۆکاری پشت دەرکردنی پەنابەران لەم سەنتەرانە دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەکردنی شوێن بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە لە مانگەکانی هاویندا دەگەنە کەناراوەکانمان و داوای مافی پەنابەری دەکەن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "لەبری زیادکردنی شوێنی پێشوازی، دەکرا ساڵانە 30 هەزار شوێن بۆ ماوەی سێ ساڵ دابین بکرێت".
پێرێگۆ جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی "پێی باشترە هەزاران پەنابەر لەسەر شەقام و ژێر پردەکان و پارکە گشتیەکان و دارستانەکانی سنەوبەر یان لە کێڵگە پەراوێزخراوەکان بەجێ بهێڵێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆریان ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی ماڵ و کارەکانیان ببنەوە".