قوربانییانی ئاگرکەوتنەوەکەی باکووری کوردستان گەیشتە 12 کەس
ژمارەی قوربانییان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند دارستانێک لە نێوان سنووری پارێزگاکانی دیاربەکر و ماردینی باکووری کوردستان، بۆ 12 کەس بەرزبووەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەش دەستی پێ کردووە.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 20ی حوزهیرانی 2024، ئاگرێکی گەورە لە چەند دارستانێکی نێوان سنووری پارێزگاکانی دیاربەکر و ماردینی باکووری کوردستان کەوتەوە و بەهۆی خێرایی باوە ئاگرەکە بەرەو سنوورێکی فراوان پەرەی سەند و دوای چەندین کاتژمێر تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
فهخرهددین قۆجه، وهزیری تهندروستی توركیا له تۆڕی ئێكس نووسیویەتی: بههۆی ئاگرەکەوە 12 کەس مردوون و 78 کەسی دیکەش بریندار بوونە کە برینی شەش کەسیان سەختە و لە ژێر چاودێریی چڕدان.
لەلایەکی دیکەوە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی ئێكس ڕایگهیاندووە، لەسەر بڕیاری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شارۆچکەی چنار لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دەستی پێ کردووە.
ڕووبەرێکی فراوان لە دارستانەکانی باکووری کوردستان سووتاون و مونیر قەرەئۆغڵو، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە زەرەر و زیانەکان ڕایگەیاندووە، لە دیاربەکر هەشت هەزار 100 دۆنم و لە ماردین حەوت هەزار دۆنم لە دارستانەکان سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە.
یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بەوەش دا کە بەهۆی ئاگرەکەوە 556 سەر ئاژەڵ مرداربوونەتەوە و گوتیشی: دوای دەست نیشانکردنی تەواوی زەرەر و زیانەکان قەرەبووی هاووڵاتییانی زەرەرمەند دەکرێتەوە