نازم محەممەد: تا ئێستە 58 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە دهۆک وەرگیراوە

نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستە 58 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕادەستی سایلۆکان کراون.

نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو گەنمەی لە سایلۆ وەرناگیرێت داوا لە خاوەنەکەی دەکەین پاکی بکاتەوە و جاری دووەم بێتەوە ڕادەستی بکات.

بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک، دەڵێت: تا ئێستە 58 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕادەستی سایلۆکان کراون، هەروەها بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار دیاریکراوە، کە دابەشدەکرێت بەسەر نمرە یەک و دوو.

ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە 700 هەزار تۆن دیاری کراوە، لە ڕێژەیەش 228  هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک.

ڕۆژی (19ـی حوزەیرانی 2024) کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵانە تا نزیکەی 40 بۆ 45 ڕۆژ دەرگای سایلۆکان واڵا دەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران بێن و گەنمەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر بینیمان پێویست دەکات، وادەی گەنم وەرگرتن درێژ دەکەینەوە.

باسی لەوەش کرد، بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران بە گشتیی باش بووە، گەنم دەبێت چەند تایبەتمەندێکی هەبێت، ئینجا لە سایلۆکان وەردەگیرێت، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت وەرناگیرێت و ڕەت دەکرێتەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پێوەرەکان بۆ وەرگرتنی گەنم، دەبێت گەنمەکە هی ئەمساڵ بێت و مێروو لێی نەدابێت.