كلاسیكۆی كوردستان لە دهۆك بەڕێوە دەچێت

ئه‌حمه‌د مه‌كنزی به‌رگریكاری هه‌ولێر به‌ درێسی سپی باوه‌شی له‌ یاریزانێكی دهۆك داوه‌. وه‌رزی 2022 ـ 2023
ئه‌حمه‌د مه‌كنزی به‌رگریكاری هه‌ولێر به‌ درێسی سپی باوه‌شی له‌ یاریزانێكی دهۆك داوه‌. وه‌رزی 2022 ـ 2023

لە یاریی کلاسیکۆی کوردستان یانەکانی دهۆک و هەولێر رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، هەولێر لە کاتێکدا دەبێتە میوانی رکابەرەکەی، نزیکەی 15 ساڵە بەرامبەر رکابەرەکەی نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانیشیان بەرامبەر دهۆک لە ساڵی 2013 بوو.
ئێوارەی یەكشەممە 23 حوزەیرانی 2024، لە یاریی لوتكەی گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، هەردوو یانەی دهۆک و هەولێر لە یاریی کلاسیکۆی کوردستان لە كاتژمێر 19:30 رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
دهۆک دوای بردنەوە گەورەکەی یاریی رابردوویان بەرامبەر تەڵەبە لە دەرەوەی یاریگای خۆی، ئەمجارەیان لە یاریگای خۆی و لە پێناو بەدەستهێنانی دووەم بردنەوەی لەسەر یەک میوانداری یانەی هەولێر دەکەن.
دهۆک لە کاتێکدا میوانداریی هەولێر دەکات، نزیکەی 11 ساڵە، واتە لەوەتەی ساڵی 2013 نەیتوانیوە لە هەولێر بباتەوە، هەردوو یانە لەو کاتەوە چوار یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو چوار یارییە هەولێر لە دوو یاریی براوە بووە و دوو یاریش لە نێوانیان بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.
هەردوو یانە پێشتر دوازدە جار لە یاریگای یانەی دهۆک یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو دوازدە یارییەش خاوەن یاریگا، لە پێنج یاریی براوە بووە و لە بەرامبەردا هەولێر دوو یاریی براوە بووە و هەردوو یانەش لە پێنج یاریی لە یاریگای دهۆک یەکسان بوونە.
دهۆک ئەم وەرزە لە کۆی 33 یاریی، خاوەنی 13 بردنەوە و 7 یەکسانبوون و هەروەها 13 یەکسانبونە و بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ، لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، بە بردنەوە لەم یارییە لە پێگەکەی خۆیان دەمێننەوە، بە پێچەوانەشەوە رەنگە پلەی شەشەمی چۆڵ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە یانەی هەولێر بە سەرپەرشتی سەمیر بابۆ، دەیانەوێت دووەم بردنەوەی لەسەر یەک تۆمار بکەن.
هەولێر دوای دوو یەکسانبوون و دۆڕانێک، یاریی رابردوو توانی لە یاریگای خۆی بەرامبەر نەفتی میسان بردنەوە بەدەست بهێنێت، بۆیە ئامانجیانە بە بردنەوە لە یاریی کلاسیکۆ لە دهۆک بگەڕێنەوە و سێ خاڵی یارییەکەش بەدەست بهێنن و هێندەی دیکە خۆیان لە کۆتایی ریزبەندی دوور بخەنەوە.
هەولێر ئەم وەرزە بە بارودۆخێکی قورس تێپەڕ دەبێت، ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ، لە پلەی چواردەی ریزبەندی دێت، جیاوازیان لەگەڵ ناوچەی دابەزین تەنها هەشت خاڵە، بۆیە دەیانەوێت بە بردنەوە لەو یارییانەی ماوە، خۆیان لە دابەزین رزگار بکەن.