شارەزایەکی کەشوهەوا کۆتایی هاتنی شەپۆلی گەرما ئاشکرا دەکات
چەند ڕۆژێکە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، پلەکانی گەرما لە ڕادەبەدەر بەرزبوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گیان سپاردنی سەدان کەس. هاوکات، زۆرێک لە دەسەڵاتداران هۆشداری و ڕێنماییان سەبارەت بەو بابەتە دەرکردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پێش دەستپێکردنی ڕۆژانی هاوین لە 20ـی حوزەیران شەپۆلێکی گەرما کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا دروست کرد و پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات، لەوانەیە لە هاوینی ڕابردوو گەرمتر بێت.
لە سعوودیە کە نزیکەی دوو ملیۆن موسڵمان لەم دواییانەدا کۆتاییان بە ڕێوڕەسمی فەریزەی حەجیان هێنا، سەدان حاجی بەهۆی پلەکانی گەرماوە کە 51 پلەی سەدییان تێپەراند، گیانیان سپارد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوای ئەمەریکا، وڵاتانی دەوروبەری دەریای ناوەڕاست، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ئاگر لە دارستانەکانی پورتوگال تاوەکو یۆنان و بەدرێژایی کەنارەکانی باکووری ئەفریقا لە جەزائیر کەوتەوە.
ساڵی ڕابردوو بە گەرمترین ساڵ تۆمار کرابوو لە ئاستی جیهانیدا و بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا، ساڵی 2024 دەتوانێت ئەو ژمارە پێوانەییە بە ڕێژەی لەسەدا 50 بشکێنێت.
زانایان دەڵێن، دووبارەبوونەوەی شەپۆلی گەرما بەڵگەی گەرمبوونی جیهانە کە پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری کەشناسی عەرەبی، محەممەد شاکر بە ڕۆژنامەی "حوڕە"ـی ڕایگەیاند، شەپۆلی گەرما بەرەو هێوربوونەوە دەچێت. دەشڵێت، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پێشبینی دەکرێت لە شام، میسر و لیبیا. پلەکانی گەرما بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
ئاامژەی بەوەش دا، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شام و میسر و لیبیا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی چڕ بەرزبووەتەوە، بەڵام پلەی گەرمی پیوانەیی نین، واتە ئاستی پێشووتریان تێپەڕاندووە".
بەگوێرەی ئاماری گروپی ناوەندی کەشوهەوا کە بنکەکەی لە ویلایەتی نیوجرسییە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی دەریای ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە، بەوپێیەی زیاتر لە 290 ملیۆن کەس لە ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کەشوهەوای گەرمای نائاسایی.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە 11ـی حوزەیرانەوە، پلەکانی گەرما لە سعوودیە، عێراق، سووریا، جەزائیر، میسر، تورکیا و یۆنان بەرز بووەتەوە و کە لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما 40 پلەی سەدی تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی حکوومەت "Heat.gov"، نزیکەی 95 ملیۆن هاووڵاتیی ئەمەریکایی هۆشداریی گەرمایان پێ دراوە. بەگوێرەی کەشناسی نیشتمانی، پێشبینی دەکرێت ئەم دۆخە تا کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت.
ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەمەریکا ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بێت، هەروەها کاریگەریشی لەسەر هەندێک ویلایەت دەبێت و ڕەنگە پلەکانی گەرما 43 پلەی سەدی تێپەڕێنێت و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
شاکر دەڵێت، تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەگەری زۆرە شەپۆلێکی گەرمای نوێ بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر لەوەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕی.
شاکر دەڵێت: بەگوێرەی پێوەرەکانی کەشوهەوا لە مانگی تەمموزی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە شام و هەندێک لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا نزیک دەبنەوە لە ئاستی ئاسایی یان کەمتر.
لە ئەمەریکا پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە نێوان مانگەکانی تەمموز و ئەیلوولدا بەرزتر ببنەوە لە ئاستی ئاسایی خۆیدا، بەپێی پێشبینیی ئاژانسێکی حکوومەتی ئەمەریکا لە ڕۆژی پێنجشەممە، یەکەم شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ ڕوو لە وڵاتەکە دەکات کە بە " گەرمی قوبە" ناسراوە.
گەرمای قوبە کاتێک ڕوودەدات کە سیستەمێکی بەهێز و پەستانی هەوای گەرم بەسەر ناوچەیەکدا دێت و دەبێتە هۆی ئەوەی پلەی گەرمی زەوی بە بەرزی بمێنێتەوە.
یۆنا ئینفانتێ، پسپۆڕی کەشناسی لە ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانوس و بەرگەهەوا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "ئەوەی چاوەڕێی دەکەین ئەوەیە کە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا جگە لە هەندێک ناوچە، پلەکانی گەرما تێیدا بەرز دەبێتەوە. بەپێی پلانی فریاگوزاری ڕووبەڕووبونەوەی گەرما، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار نیویۆرک ناوەندەکانی ساردکردنەوە دەکاتەوە.
هەروەها دەزگاکانی کەشناسی هۆشدارییان داوە لە گەرمایەکی بەهێز، لە ناوچەکانی ویلایەتی ئەریزۆنا و فینیکس، کە پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە هەندێک ڕۆژدا لە 45.5 پلەی سەدی تێبپەڕێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، ملیاران کەس لە جیهاندا هەستیان بەو شەپۆلە گەرمایە توندە کردووە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و سووتەمەنیی هاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، پۆلیسی یۆنان ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پیاوێکی ئەمەریکی تەمەن 55 ساڵیان دۆزیوەتەوە کە لە دوورگەی ماتراکی گیانی سپاردووە، ئەمەش سێیەم مردنە لە ماوەی هەفتەیەکدا.
لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا لە سعوودیە زیاتر لە هەزار و 100 حاڵەتی گیانیان سپاردووە، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووە.
لە هیندستان بەزۆری ماوەی هاوین لە مانگی ئادارەوە تا مانگی ئایار دەخایەنێت، کاتێک بارانبارینی وەرزی پلەی گەرمی هەوا کەم دەکاتەوە.
بەڵام نیودەلهی، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ماوەی 55 ساڵدا گەرمترین شەوی تۆمار کرد.
بەزۆری پلەکانی گەرما لە شەودا دادەبەزێت، بەڵام زاناکان دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە دوای ڕۆژئاوابوون.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کەشناسی، نیودەلهی لە 14ی ئایارەوە لە 38 ڕۆژی یەک لە دوای یەکدا بەرزترین پلەی گەرمی 40 پلەی سەدی و زیاتریان تۆمارکردووە.
به بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی هیندستان ڕایگەیاند، لە 1ـی ئادار تا 18ـی حوزەیران زیاتر له 40 هه زار کەس تەندروستییان بەهۆی گەرماوە تێکچووە، هەروەها لانیکەم 110 که سیش گیانیان سپاردووە.