ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران دۆخی ئاوارە گەڕاوەکانی شنگال و عێراق ئاشکرا دەکات

ئەنجوومەنی دانیمارکی چەند پێشنیازێک بۆ ڕێگری لە دووبارە ئاوارەبوونەوە دەخاتەڕوو
منداڵێکی ئاوارەی گەڕاوە بۆ شنگال
منداڵێکی ئاوارەی گەڕاوە بۆ شنگال

ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران (DRC) سەبارەت بە بارودۆخی گەڕاوەکان بۆ شارۆچکەی شنگال لە پارێزگای نەینەوا و شارەدێی یەسریبی سەر بە شارۆچکەی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەددین ڕایگەیاندووە، وەڵامدانەوەی مرۆیی بەپەلە پێویستە.

لە ڕاپۆرتێکی نهێنی ئەم دواییەدا، کە کۆپییەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران (DRC) تیشکی خستۆتە سەر ئەو ئاستەنگە سەختانەی کە ڕووبەڕووی گەڕاوەکانەوە بۆ شنگال و یەسریب دەبێتەوە دوای بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی سەرجەم کەمپە فەرمییەکانی ئاوارەکان و ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراق تا 30ی تەمموزی 2024.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئەم بڕیارە، کە کاریگەریی لەسەر نزیکەی 150,000 کەس هەیە، مەترسییەکی بەرچاو بۆ ئەو دانیشتووانە دروست دەکات کە ئێستا لە دۆخێکی خراپدان و زۆربەشیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە ژێرخانی بنەڕەتی و خزمەتگوزارییان تێدا بەدی ناکرێت. ئەم ڕاپۆرتە لە دۆخی ئێستا و ئەزموونی گەڕاوەکان و پێویستی بەپەلەی وەڵامدانەوەی مرۆیی هەماهەنگکراو ورد دەبێتەوە .

ڕاپۆرتەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە ڕۆژی 23ی 1ی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داخستنی دوایین 23 کەمپی ئاوارەکانی ڕاگەیاند کە زۆربەیان دەکەونە هەرێمی کوردستان.

هەر وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم کەمپانە کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانیدا بڵاوبوونەتەوە، بە هەزاران خێزانی ئاوارەبووی تێدا نیشتەجێن کە بەهۆی چەندین ساڵ لە ململانێ و ناسەقامگیرییەوە لە ماڵ و شوێنی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە. دوای ڕاگەیێندراوەکەی حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان، هەزار و 983 خێزان ئەم کەمپانەیان بەجێ هێشتووە و ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار بوونەتەوە، لەکاتێکدا هەوڵ دەدەن ژیانیان لە ناوچە ڕەسەنەکانیاندا بنیات بنێنەوە.

کەمپێکی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان
کەمپێکی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە دیمۆگرافیای ئەم کەمپانە جیاوازە و هەم ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەگەری داخستنیان هەیە.

کەمپەکانی دهۆک زۆرینەیان میوانداریی ئێزیدییەکان دەکەن، کە بەشێکی زۆریان بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییە بەردەوامەکان و یادەوەرییە تاڵەکانەوە دوودڵن لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

کەمپەکانی هەولێر، لەنێویاندا ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ نزیکن، زیاتر عەرەبی سوننەی تێدایە، کە بەشێکی زۆریان بەهۆی تۆمەتی ئەوەی کە گوایە پەیوەندیی بە داعشەوە هەیانە کێشەیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی ئەمنی و تڕسی گەرانەوەیان هەیە.

لەبەرامبەردا، لە کەمپەکانی سلێمانیش عەرەبی سوننە نیشتەجێن بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە گومانی پەیوەندیداربوون بە داعش بۆ ئەمانە کەمترە، کۆمەڵێک ئالینگاری جیاواز لە بەردەمیانە.

ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران (DRC) ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڕیاری داخستنی کەمپەکان زۆرێک لە ئاوارەکانی ناچار کردووە پێشوەختە بگەڕێنەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان.

لە مانگی یەکەوە زیاتر لە هەزار خێزان لە سلێمانی و زیاتر لە 650 خێزان لە دهۆک و 263 خێزانیش لە هەولێرەوە ڕۆیشتوون. زۆرێک لەو خێزانانە، پێش بڕیارەکەی حکومەت ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ ئەوەی کەمپەکان بەجێ بهێلن، بەڵام ئەو ڕاگەیندراوەکەی حکومەت وایکردووە کە زووتر کەمپەکان بەجێبهێلن.

راپۆرتەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە نزیکەی 85 هەزار ئاوارەی شەنگال لە سەرانسەری کەمپەکانی هەولێر و دهۆک بڵاوبوونەتەوە و ژمارەیەکی کەمتر لە سلێمانی.

زۆرێک لە گەڕاوەکان باس لەوە دەکەن کە ماڵەکانیان یان وێران بووە یان زیانێکی بەرچاویان بەرکەوتووە، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی بەرفراوان هەیە بۆ ئاوەدان کردنەوەیان.

تێچووی زۆری ئاوەدانکردنەوەی هەر یەک لەو خانووانە کە بە 10 هەزار دۆلاری ئەمەریکی یان زیاتر مەزەندە دەکرێت، بەربەستێکی بەرچاوی بۆ ئەم خێزانانە دروست کردووە، کە زۆربەیان سەرچاوەی داراییان نییە و ڕووبەڕووی بەربەستی بیرۆکراتی دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە پلانەکانی قەرەبووکردنەوە.

وێرانەییەکانی دوای شەڕی تیرۆر
وێرانەییەکانی دوای شەڕی تیرۆر

ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران (DRC) باس لە ئەزموونی کۆمەلێک لەو خێزانانە دەکات کە گەراونەتەوە شەنگاڵ و یەسریب.

ئەزموونی گەڕاوەکان وێنەیەکی تاریکی ژیانی دوای ئاوارەبوون نیشان دەدات. لە شنگال، ناوچە بەرفراوانەکان بە وێرانە ماونەتەوە و زۆرێک لە خێزانەکان لە باڵەخانە یان خێمە بەکارنەهێنراوەکاندا پێکەوە دەژین. پلانی قەرەبووکردنەوەی حکوومەتی عێراق (یاسای ژمارە 20) کە مەبەست لێی پشتگیریکردنی ئەو کەسانەیە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە زەرەرمەند بوونە، بەهۆی دواکەوتن و بەربەستی بیرۆکراسییەوە تووشی کێشە بووە. زۆرێک لە گەڕاوەکان ساڵانێک لەمەوبەر داوای قەرەبوویان کردووە بەڵام هێشتا هیچ پشتگیرییەکیان وەرنەگرتووە.

لە یەسریب، گەڕاوەکان ڕووبەڕووی ئالینگاری هاوشێوە دەبنەوە. زۆرینەیان بەهۆی زیانە بەرفراوانەکانەوە ناتوانن بچنە ناو ماڵەکانی پێشوویان و بەشێکی زۆریان ناچارن لە پەناگەی کاتیدا بژین. لە هەڵسەنگاندنێکی ئەم دواییەدا دەرکەوتووە کە 80%ی خانووەکانی یەسریب وەک وێرانە یان زیانپێگەییو ماونەتەوە. گرانی تێچووی کەرەستەی بیناسازی و نەبوونی خزمەتگوزاری گونجاو دۆخەکە خراپتر کردووە و گەڕاوەکان لە دۆخێکی ناجێگیردا ماونەتەوە.

نەبوونی خزمەتگوزاریی و وێرانبوونی ژێرخانی سێکتەرەکان لە شنگال
نەبوونی خزمەتگوزاریی و وێرانبوونی ژێرخانی سێکتەرەکان لە شنگال

لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتەکە باس لە کەمی خزمەتگوزاری و دۆخی خراپی ژێرخانیی ئەم ناوچانە دەکاتەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و یەسریب بەردەوامن بەڵام ئەم هەولانە بە گوێرەی پێویست نین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەڕاوەکان.

لە شنگال، دروستکردنی ڕێگاوبانی نوێ، سیستەمی ئاو، نوێکردن و چاککردنی تۆری کارەبا بەردەوامە، بەڵام هێشتا ئەو خزمەتگوزارییانە بەتەواوی کارناکەن. گەڕاوەکان باس لەوە دەکەن کە پشتیان بە بوتڵی ئاو بەستووە کە تێچووی زۆری هەیە بەهۆی خراپی کوالێتی ئاوی ئێستا و بەکارهێنانی مۆلیدەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمیی کارەبا.

لە یەسریب، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە هێشتا پرسێکی گرنگە. خەلکی ئەم ناوچەیەش هەر وەک شنگال پشت بە کڕینی بوتڵی ئاو دەبەستێت، کە بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە داراییەکانەوە لەوانەیە خەڵکی ناوچەکە ئەم توانایەیان نەمێنێت.

رێگاوبانی ئەم ناوچەیە هێشتا چاکنەکراون و قیرتاونەکراونەتەوە. جگەلەوەش، سنوورداربوونی کارەبا ژیانی ڕۆژانەی خەلکی ئەم ناوچەیەی زیاتر ئاڵۆز دەکات بەتایبەتی لە وەرزی هاوین. زۆرێک لە خێزانەکان یارمەتییەکانی ماددی حکوومەتییان بۆ کڕینی ئامێرەکانی فێنککەرەوە بەکارهێناوە. ئەم ئامێرانە سەرەڕای ئەوەی کە بۆ کاتێکی کەم خەلکی ناوچەکە لە گەرمای پرووکێنەر رزگار دەکات، بەلام هاوکات بەهۆی گرانی تێچووی سووتەمەنی بۆ موەلیدەکانی کارەبا، ئەم ئامێرانەش وەک پێویست یارمەتیدەر نین.

ڕاپۆرتەکە بەردەوام دەبێت و باس لە داهات و بژێوی گەراوەکان دەکات.

دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتی داهات، نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ گەڕاوەکان لە هەردوو شاری شنگال و یەسریب. لە شنگال ئەوانەی پشتیان بە کشتوکاڵ بەستبوو، کێڵگەکانیان ئێستا وێرانەیە وسیستەمێکی ئاودێری گوونجاویان نییە. گرانی نرخی ئاژەڵ و مەکینە و تۆو بەربەستی بەرچاوە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی چالاکییە کشتوکاڵییەکان لە شنگال. بە تایبەتی ژنان جەخت لەسەر پێویستی هەلی کار بۆ کوڕەکانیان دەکەنەوە کە ئێستا ئەندامی سەرەکی خێزانەکانیانن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان.

لە یەسریب ، وێرانکردنی کێڵگەکان ئابووری ناوخۆیی ناوچەکەی وێران کردووە. خەلکی ئەم ناوچەیە بەپەلە پێویستی بە گەڕاندنەوەی سیستەمی ئاودێری و دەستەبەرکردنی سەرچاوە هەیە بۆ ئاژەڵ و بنەتۆو. بەبێ ئەم پشتیوانییە سەرەکیانە، زۆرێک لە گەڕاوەکان تڕس و دڵەراوکێی ئەوەیان هەیە کە قووڵتر بکەونە ناو هەژاری و دووبارە ئاوارە ببنەوە.

هاوکات ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران (DRC) چەندین پێشنیار دەخاتەڕوو بۆ کەم کردنی کێشەکانی ئەم ناوچانە.

دیمەنی شارۆچکەی شنگال
دیمەنی شارۆچکەی شنگال

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، گەڕاوەکان هەستی تێکەڵاو سەبارەت بە داهاتوویان دەردەبڕن. لە شنگال زۆرێک لە ژیان لە چادردا بێزارن و هیوادارن ماڵەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، هەرچەندە ترسیان هەیە جارێکی دیکە ئاوارە ببنەوە ئەگەر بارودۆخەکە باشتر نەبێت. هەندێکیان بۆ دۆزینەوەی کار و پاشەکەوتکردنی پارە بۆ ئاوەدانکردنەوە ڕوویان لە سلێمانی کردووە. لە یەسریب، گەڕاوەکان پەشیمانن لە جێهێشتنی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان، کە لەوێ دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان دەگەیشت، و ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە ئەگەر بتوانن.

بۆ ڕێگریکردن لە سەختی زیاتر و تڕسی دووبارە ئاوارەبوون، ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران (DRC) چەندین پێشنیار پێشکەش دەکات:

1. ڕێگریکردن لە هاندانی گەڕانەوەی پێشوەختە: دڵنیابوون لەوەی کە ئاوارەکان گوشارییان لەسەر نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە خزمەتگوزاری و ژێرخانی سەرەتایییان نییە.

2. بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان: پاراستنی پشتگیری بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان کە ناوچەکانیان شیاو نین بۆ گەرانەوە.

3. دابینکردنی پێداویستییە کاتییەکان: بەپەلە دابینکردنی ئاو و شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانە کاتییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی گەڕاوەکان.

4. ڕێکخستنی پرۆسەکانی قەرەبووکردنەوە: ئاسانکردن و خێراکردنی دابەشکردنی یارمەتییەکانی قەرەبووکردنەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوەدانکردنەوەی ماڵەکان خێراتر بکرێت.

5. نۆژەنکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان: خێراکردنی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە گرنگەکانی دیکە لەو ناوچانە.

6. پشتگیری لە بژێوی ژیان: یارمەتیدانی خەلکئ ئەم ناوچانە لە دەستپێکردنەوەی چالاکییە کشتوکاڵییەکان و کارەکانی تر بۆ بەدەستهێنانی داهات و بژێوی ژیانیان.

نەبوونی خزمەتگوزاریی و وێرانبوونی ژێرخانی سێکتەرەکان لە شنگال
یاریکردنی منداڵانی شنگال لە نێو داروبەردی وێرانییەکانی شنگال

دۆخی گەڕاوەکانی شنگال و یەسریب جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی وەڵامدانەوەی مرۆیی هەمەلایەنە و هەماهەنگ دەکاتەوە. لە کاتێکدا پلانی حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان ئامانجی چارەسەرکردنی ئاوارەبوونی درێژخایەنە، بەڵام دەبێت ڕێوشوێنی پشتیوانیی بەرچاوی لەگەڵدا بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گەڕاوەکان دەتوانن ژیانیان بە کەرامەت و ئاسایشەوە بنیات بنێنەوە. دەستێوەردانی خێرا زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە ئازاری زیاتر و بۆ ئەوەی ئەم خەلکانە بتوانن لەدوای ساڵانێک لە ململانێ و ئاوارەبوون ژیانێکی گوونجاو بۆ خۆیان بنیات بنێنەوە.